Skip to the content
Menu

لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی چاكسازییەكان كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی چاكسازییەكان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/1/26، لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ، بەسەرپه‌رشتیی رۆمیۆ هەكاری سەرۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكه‌، لەهۆڵی پەناگیری له‌ته‌لارى په‌رله‌مان، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازی و بەڕێوەبەرەكانی چاكسازی گەوران و منداڵان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
سەرەتای كۆبوونەوەكە، سەرۆكی لیژنە تیشكی خستەسەر ئامانجی میوانداریكردنیان و كۆبوونه‌وه‌كه‌یان و گووتی: "لەماوەی رابردوودا لیژنه‌كه‌مان چەندین سەردانی مەیدانیى بۆ چاكسازییەكان ئەنجامداو بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ چەندین كێشەو گرفتیان هەیه‌و پێویستە چارەسەر بكرێن"و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ سەرۆك و جێگرو بڕیاردەرو ئەندامانی لیژنەكه،‌ رەخنەو پێشنیازەكانیان بۆ چارەسەركردنی ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ى كه‌ له‌چاكسازییه‌كاندا هه‌ن خستەڕوو، به‌تایبەت لەڕووی ئیدارییه‌وه‌.
هه‌ر له‌كۆبوونەوەكەدا باسی دواكەوتنی بینینی دۆسیەی راگیراوان كرا، لەو ڕِووەوە بڕیاردرا گفتوگۆ لەگەڵ دادگاكان بكرێت و بەپێی یاسابەركارەكان چاره‌سه‌ر بكرێن.
هەروەها بڕیاردرا پێشنیازەیاسای چاكسازییەكان بەهەماهەنگیی ‌نێوان هەردوولا ئامادە بكرێت و یاسای جێگرەوەش لەماوەی داهاتوودا كاری جدیی لەسەر بكرێت.
له‌تەوەرێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەی وەرزی و هەروەها ئه‌نجاكدانى كۆبوونەوە لەسەر ئاستی پارێزگاكان بەئامادەبوونی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی چاكسازییەكان.