لیژنەی كشتوكاڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەی جووتیاران میوانداریی وەزارەتی بازرگانی و كشتوكاڵ دەكات
بەمەبەستی تاووتوێكردنی كێشهی جووتیاران و چهند پرسێكی گرنگی پهیوهست بهكارى لیژنهكه، ئەمڕۆ سێشەمە 2021/1/19، لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری، بەسەرپەرشتیی عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی ژمارەیەك لەئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر وەرگرتنی شایستە داراییەكانی جووتیاران لەلایەن بەغدا بۆ ساڵەكانی 2014، 2015، 2016 كرا، كەئەو پارەیە قەرزە لای حكومەتی عێراقی.
لەتەوەرێكی دیكهی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر كێشەو گرفتەكانی زەوییە كشتوكاڵییەكانی جووتیاران كرا، بەتایبەت رووداوی گوندی ئەشكەوسەقا، بۆیە لیژنە بڕیاریدا راپۆرتێك ئامادە بكات و ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پهرلهمانى بكات و هەوڵیش بدرێت بۆ چارەسەركردن و ئاشتكردنەوەی هەردوو بنەماڵەكە.
لهبهشێكی كۆبوونهوهكهی ئهمڕۆدا لیژنەكە لەگەڵ نوێنهرانی جووتیارانی گوندی ئاشۆكان كۆبووهوهو گفتوگۆیان كرد لهسهر پرسی دروستكردنی پڕۆژەی هەپی ستی كرد كهلەلایەن وڵاتی چین-ەوه لهنزیك ئهو گونده ئهنجام دهدرێت و بووەتەهۆی ناڕەزاییی جووتیارانی گوندەكە بەهۆی ئەوەی زەوییەكانیان بەر پڕۆژەكە دەكەوێت، لیژنەكە پشتیوانیی خۆی بۆ جووتیارانی گوندی ئاشۆكان دەربڕی و بڕیاریدا كێشەو ناڕەزایی جووتیارانیش بەنوسراوی فەرمی ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات و لەرێگەی ئەوانەوە داوا لەوەزارەتی شارەوانی و كشتوكاڵ و دەستەی وەبەرهێنان بكەن كێشەكه چارەسەر بكرێت.
لەكۆتایی كۆبوونهوهكهشدا لیژنە بڕیاریدا رۆژی چوارشەممەی داهاتوو میوانداریی وەزارەتی بازرگانی و كشتوكاڵ و نوێنەری جووتیاران بكات بەمەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی فراوان لەسەر دۆزینهوهى میكانیزمێكی گونجاو بۆ وەرگرتنی پارەی قەرزی جووتیارانى ههرێم لهلایهن بهغدا-وه.