Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی به‌دواداچوون بۆ رەوشی ئاینی له‌دەڤەری سۆران ده‌كات

لەدرێژەی سەردانە مەیدانییەكانیداو بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەڕەوشی ئاینیی سنوورەكە، ئەمڕۆ یەكشەمە 2021/1/24، شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، كەپێكھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم جێگری سه‌رۆكی لیژنەو وەیسی سەعید وەیسی بریاردەری لیژنەو فەیسەڵ عه‌باس ئەندامی لیژنەكه، بەیاوەریی ھەریەك لە ھیمداد صباح سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی و جنان جبار بۆیە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلیستی ھاوپەیمانیی یەكێتیی نەتەوەیی، سەردانی قەزای سۆران-ى كردو‌ بەجیا لەگەل ھەریەك لەقایمقامی قەزای سۆران و لقی یەكێتیی زانایانی ئانییی ئیسلامیی كوردستان و بەریوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران و بەرێوەبەرایەتیی ئەوقاف و تێبینەرایەتیی ئەوقافەكانی چۆمان و مێرگەسۆر كۆبووەوە.
لەكۆبوونه‌وه‌كاندا باس لەبارودۆخی ئەمڕِۆی هه‌رێمی كوردستان و رۆل و كاریگەریی مامۆستایانی ئاینی لەهۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگه‌ لەھەموو بابەتە گرنگ و ھەستیارەكاندا كرا، بۆ ئەمەش باس لەگرنگیی دروستكردنی بۆردی وتاری ھەینی كراو جەختیش لەسەر پاراستنی پیرۆزیی مزگەوتەكان كرایەوە كە نابێت رێگە بدرێت مینبەری مزگەوتەكان بۆ دژایەتیی ئاسایشی نەتەوەیی و تەشھیرو ناوزڕاندن و ململانێى سیاسی بەكاربھێندرێت، ھەروەك جەخت لەسەر پابەندبوون بەڕێنماییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی كرایەوە لەبواری رێكخستنی گوتاری ئاینی، چونكە بەوپێیەی وتاری ھەینی كاریگەریی لەسەر ئاراستەكردنی كۆمەلگه‌ ھەیە، گرنگە وتارەكان بەشێوازێك بێت لەخزمەت ھۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگه‌ دابێت.
لەكۆبوونه‌وه‌كاندا شاندى لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان گوێبیستی چەندین داواكاری و پێشنیازبوون بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی رەوشی ئاینی لەقەزاكەو وێرای دەستخۆشی و پێزانینیان لەھەمبەر كارو چالاكییەكانیاندا، جەختیشیان لەسەر ھەماھەنگی و ھاوكاریی نێوان دەزگا ئاینییەكانی سنوورەكەیان كرده‌وە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی رەوشی ئاینی.
ئینجا شاندەكە سەردانی سەنتەری دیانا بۆ رۆشنبیری و راگەیاندنى كرد، كەسەنتەرێكی تایبەتە بەكریستیانەكانی دەڤەرەكەو باس لەڕەوشی پێكەوەژیانی ئاینیی نێوان موسڵمان و مەسیحییەكان كراو ستایشی رەوشی پێكەوەژیانی ئاینیی قەزاكە كرا كەبۆتە نمونەیه‌كی ھەرە جوانی پێكەوەژیان لەكوردستاندا، هه‌روه‌ها جەخت كرایەوە لەسەر بایەخدانی زیاتر بەپەیامی پیرۆزی ئاینەكان لەبورای لێبووردەیی و خۆشەویستی و پێكەوەژیان.
ھەروەك شاندەكە سەردانی ماڵی ژمارەیه‌ك مامۆستاو كەسایەتیی ھەردوو ئاینى ئیسلامی و مه‌سیحیى كردو سوپاس و پێزانینی لیژنەكه‌یان پێڕاگه‌یاندن لەھەمبەر رولیان لەپاراستنی كلتووری بەیەكەوەژیان لەنێوان پێكھاتەكانی سنوورەكەدا.