Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی له‌گه‌ڵ لیژنەی باڵای بۆردی وتارى ھەینی كۆبووەوە

سه‌عات 11ى پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەمە 2021/1/25، لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بەسه‌رپه‌رشتیی د.هه‌ورامان حه‌مه‌شه‌ریف گه‌چێنه‌یى سەرۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بریاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای بۆردى وتارى هه‌ینی كۆبووه‌وه‌.
لەكۆبوونەوەكەدا لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان ستایشی دەستپێشخەرییەكەی لیژنه‌ی باڵای بۆردى وتارى هه‌ینیی كرد كەداوایانكردبوو بەشداری لەكۆبوونەوەیه‌كی لیژنەی ئەوقاف و كاروبارى ئاینی بكه‌ن و ئەمەشان بەھەنگاوێكی گرنگ زانى بۆ زیاتر ھەماھەنگی له‌نێوان ھەردوولادا.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سەرۆك و ئەندامانی لیژنه‌ی باڵای بوردی وتاری ھەینی، باسیان لەگرنگیی وتاری ھەینی كرد به‌وپێیه‌ی كەرۆل و كاریگەریی خۆی ھەیە لەئاراستەكردنی كۆمەڵگه‌و بەگەورەترین كۆبوونەوەی ھەفتانەیان دانا كە لەمزگەوتەكاندا بەڕێوەدەچێت، كه‌ بەشوێنێكی گرنگ و سەرەكی دادەنرێت لەئاراستەكردن و دروستكردنی رای گشتیدا.
ھەروەها باس لەڕەوشی وتاری ھەینی لەھەرێمی كوردستان كراو ئاماژه‌ به‌وه‌ درا كه‌ لەچوارچێوەی بایەخدان بەوتاری ھەینی، لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف-ه‌وه‌ بۆردێكی تایبەت پێكھێنراوه لەسەر دیاریكردنی شێوازی وتاری ئاینی بەپشتبەستن بەبریارو راسپاردەكانی كۆنفڕانسی رێكخستنی گووتاری ئاینی كە لەسالی ٢٠١٦ به‌بەشداریی ٥٠٠ مامۆستای ئاینی بەستراو لەدوایدا ئەنجامی توێژینەوەیەكی مەیدانیان خستەڕوو كەماوەی نزیکەی دوو مانگ دەبێت بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان بەوردی كاری لەسەر ده‌كرێت.
كۆبوونەوەكە زۆر بەوردی ھەڵوەستەی لەسه‌ر رەوشی وتاری ھەینی لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم كردو بەپێویستیان زانی ھەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان بدرێت.
لەكۆتاییدا لەلایەن ئەندامانی لیژنەكه‌ى په‌رله‌مان چەندین پرسیارو پێشنیازو تێبینی و سەرنج خرانەڕوو بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی كارەكانی بۆردەكە.