Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ سەردانی چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی كرد

بەمەبەستی گوێگرتن و بەدواداچوون بۆ كێشەی داڵدەدراوان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەمڕۆ سێشەممە 2021/1/19، شاندێكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ، بەسەرۆكایەتیی رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنەو ئه‌ندامیه‌تیی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ژمارەیەك له‌ئەندامانى و راوێژكاری لیژنەكه‌، سەردانی چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی لەشاری هەولێر كرد .
سەرەتا شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی خاوەن پێداویستیی تایبەتى لەوەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی كردو دوای پێشوازیكردن لەلایەن پەیمان عەبدولكەریم بەڕێوەبەرى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌،كۆبوونەوەیەكی فراوان بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری سەرجەم سەنتەرو پەیمانگه‌كان بەڕێوەچوو و سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ مه‌به‌ستی سەردانەكەی روونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ گوێگرتن بوو لەو كێشەو گرفتانەی هاتوونەتە پێش لە چوا چێوەی جێبەجێكردنی یاساو رێنماییە بەركارەكاندا.
هەروەها ئەو كێشەو گرفتانەی بۆ نابینایان و نابیستان لەپەیمانگه‌كان دروست دەبێت گفتوگۆی وردی لەسەر كراو پیرۆزبایی دەستبەكاربوون لەدكتۆر حه‌سه‌ن یوسف كرا وەك بەڕێوەبەری پەیمانگه‌ی نابینایان كه‌بڕِوانامەی دكتۆرای لەئەدەبیانی كوردی بەدەستهێناوە كەلە 3ی كانوونی یەكەمی 2021 ئەو بڕوانامەیه‌ی بەدەستهێناوە كەیەكەمین نابینایە بڕوانامەی لەئەدەبیانی كوردی بەدەستهێناوە.
دوای گفتوگۆیەكی وردی ئامادەبووان لەسەر كێشەو گرفتەكان دڵنیایی درا كەهەوڵی جدی دەدەن بۆ چارەسەركردنیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان.
پاشان لیژنه‌كه‌ سەردانی ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێكراوی كرد لەشاری هەولێر، دوای پێشوازی لەلایەن تاڤگە فەیزوڵا بەڕێوەبەر، كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو.
لەكۆبوونەوەكە گفتوگۆكرا لەسەر ئەو كێشەو گرفتانەی هەیانە بەتایبەت لەوەرگرتنی كەیسی نوێ كە لەئێستادا نەخۆشی كۆڕۆنا بوونی هەیە.
پاشان بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بەسەركردەوەو گوێیان لەژنانی داڵدەدراو گرت و جەخت كرایەوە لەسەر چارەسەری كێشەو گرفتەكان لەچوارچێوەی یاسابەركارەكان و تواناكان.