Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری له‌هه‌رێمی كوردستاندا، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25/1/2021، لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌رپه‌رشتیی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌،‌ پێشوازیی له‌ ئه‌مه‌ل جه‌لال سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم و به‌ڕێوبه‌ری گشتیی گه‌شتوگوزاری پارێزگاكانی هه‌رێم كرد.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌، سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان كورته‌باسێكی سه‌باره‌ت به‌گرنگیی كه‌رتی گه‌شتوگوزار له‌هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو و‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌پێویسته‌ له‌چوارچێوه‌ی هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات كه‌رتی گه‌شتوگوزار بكرێته‌ یه‌كێك له‌كایه‌ گرنگه‌كانی كۆكردنه‌وه‌ی داهات بۆ حكومه‌ت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان پڕۆژه‌یاساییه‌كی تایبه‌ت بۆ ڕێكخسن و په‌ره‌پێدانی زیاتری كه‌رتى گه‌شتیاری ئاماده‌ بكه‌ن و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت و په‌سه‌ند بكرێت، بڕیاریشه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌ناوه‌ڕاستی مانگی دووى ئه‌مساڵدا ۆركشۆپێك رێكبخرێت.
دواتر ئه‌مه‌ل جلال سه‌رۆكی ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم، سوپاسی گرنگیپێدانی لیژنه‌كه‌ی كردو كۆمه‌ڵێك كێشه‌و به‌ربه‌ستی به‌رده‌م به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رتی گه‌شتیاری خسته‌ڕِوو و‌ پشتیوانیی خۆی بۆ ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌ی كه‌ لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان‌ له‌هه‌وڵی ده‌رچوواندنی دایه‌ ده‌ربڕی.
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا ناوه‌رۆكی گۆبوونه‌وه‌‌كه‌یان بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن خسته‌ڕوو.