Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی شه‌هیدان كێشەكانى كەسوكاری شەهیدان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كات

بەمەبەستی تاووتوێكردن و بەداداچوون بۆ كاروباری بەڕێوەبەرایەتییەكانی شەهیدان و ئەنفاڵکراوان لەپارێزگاكانی هەرێمی کوردستاندا، ئەمڕۆ یەكشەممە 2021/1/31، لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی، بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە، بەشێوەی ئۆنڵاین كۆبووەوە.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ بەساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستیپێكردو تەوەری یەكەمى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش خستنەڕِووی ئەنجامی سەردانیكردنی لیژنە لاوەكییەکان بوو بۆ بەڕێوەبەرایەتییه‌كانی شەهیدان و ئەنفالكراوان له‌پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا، هەروەها باسكردنی كێشەو گرفتەكانی كەسوكاری شەهیدان و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنیان.
لەتەوەرێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا، ئه‌و لیژنە لاوەكییانه‌ی كه‌ بۆ سه‌ردانیكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى پارێزگاكانى هه‌رێم پێكهێنرابوون، ئەو كێشەو گرفتانەیان خستەڕوو كەرووبەڕِووی لیژنەكانی چاكسازی له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ دەبنەوە لەكاتی كاركردنیاندا.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا، ئەو بەدواداچوونانە خرانەڕوو کەسەبارەت بەجێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی تایبەت بەلیستی شەهیدان و پاكسازیكردن لەلیستی راگیراوان و زیندانیانی سیاسی و پێداچوونەوە بەناوەكانیان.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا لیژنه‌ بڕیاریدا لەگەڵ كۆتاییهاتنی كارەكانی لیژنە لاوەكییەکان، راپۆرتێكی تێروتەسەل لەسەر ئەنجامی كارەكانی ئه‌و لیژنە لاوەكییانه‌ ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات، هه‌روه‌ها راپۆرتێكی تایبەت لەسەر ئه‌و كێشەو گرفتانه‌ی كه‌رووبەڕووی كەسوكاری شەهیدان دەبنەوە ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات، تاوەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت چارەسەرێكی خێرایان بۆ بدۆزێته‌وه‌.