Skip to the content
Menu

لیژنەی كشتوكاڵ سەبارەت بەشایستە داراییەكان لەگەڵ جووتیارانی هەرێم كۆبووەوە

بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پارەی گەنمی جووتیاران لەنێوان نرخی پاڵپشتی و نرخی بازرگانی، ئەمڕۆ سێشەمە 2021/1/26، لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری، بەسەرپەرشتیی عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د.غازی فایەق بەڕێوەبەری گشتیی پلان و به‌دواداچوون له وەزارەتی كشتوكاڵ بەنوێنەرایەتیی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوى حكومه‌تی هه‌رێم و جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ى كشتوكاڵ و بڕیارده‌رو ژمارەیەك لەئەندامانى و راوێژكارانی لیژنەكە، لەگەڵ نزیكەی سەد جووتیاری ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر نرخی پارەی پاڵپشتی و نرخی بازرگانی بۆ ساڵانی رابردوو لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە كراو لیژنە راوێژێكی تەواوی لەگەڵ نوێنەرانی جووتیارانی هەرێم سەبارەت بەمیكانیزمی دابەشكردنی شایستە داراییەكان و نرخەكانی كرد، كه‌ جووتیاران ئەمە بەماف و شایستەی دارایی خۆیانى دەزانن و هەموولایەك بڕیاریاندا كەدەستی لێهەڵنەگرن و ئەگەر لەو قۆناغەش بەتەواوی وەرینەگرنەوە، ئەوە بەقۆناغی تر بەردەوام بن لەهەوڵەكانیان بۆ وەرگرتنەوەى.
هه‌ر لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەیەك پێكبهێنرێت لە لیژنەی كشتوكاڵى پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم و نوێنەری جووتیاران بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسان و پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا به‌مه‌به‌ستی به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانیان و بەدواداچوونى زیاترو گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌رێكی گونجاو‌ بۆ ئه‌و پرسه‌.