Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا تاووتوێی دوو پێشنیازەیاسای خوێندن و زانكۆ تایبەتەكانی كرد

بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر هەردوو پێشنیازەیاسای زانكۆ تایبەتەكان و پەروەردە، ئەمڕۆ سێشەممە 2021/1/26، لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بەسەرپه‌رشتیی عبدالسلام دۆلەمەڕی سەرۆكی لیژنەو ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكه‌ كۆبووەوە.
سەرەتای كۆبوونەوەكە سەرۆكی لیژنە كارنامەی كۆبوونەوەكەی خوێندەوەو باسی سەردانی لیژنه‌كه‌یانی له‌گه‌ڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمانى كوردستان بۆ هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە كرد.
پاشان گفتوگۆی ورد لەسەر دەسپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن كرا بۆ ئەو قۆناغانەی لەئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا (كۆڤید19) دەستی پێنەكردۆتەوە، دوای گفتوگۆی ورد بڕیاردرا نوسراوێك ئاراستەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بكرێت بۆئەوەی لەمانگی شوبات خوێندن بۆ ئەو قۆناغانە دەستپێبكاتەوە بەجێبەجیبَكردنی رێنماییە تەندروستییەكان.
هەر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پێشنیازەیاسای پەیمانگه‌و زانكۆ تایبەتەكان كراو بڕیاردرا نوسراو ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بكرێت بۆئەوەی سەرنج و پێشنیازه‌كانی خۆیان ئاراستەی لیژنەكه‌یان بكه‌ن، لەگەڵ ئاراستەكردنی نوسراو بۆ سەرجەم زانكۆو پەیمانگه‌ تایبەتەكان تاوەكو پێشینازه‌كانى خۆیان بۆ دەوڵەمەندكردنی پێشنیازه‌یاساكه‌ ئاراستەی لیژنەكه‌ بكەن لەماوەیەكی دیاریكراودا.
لەبەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی ورد لەسەر كێشەی زانكۆ تایبەتەكان كرا، بۆیە بەپێویست زانرا لەپێشنیازەیاسای زانكۆو پەیمانگه‌ تایبەتەكان رەچاوی ئەو گرفتانە بكرێت كە لەجێبەجێكردنی یاسای زانكۆ تایبەتەكان دروست ببوو.
تایبەت بەگفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازەیاسای پەروەردە لەهەرێمی كوردستان، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە گفتوگۆیەكی وردیان كردو پاشان بڕیاردرا نوسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وه‌زیران بكرێت بۆئەوەی لەماوەیەكی دیاریكراودا پێشنیازەیاساكە بنێردرێتە پەرلەمان و لەوەرزی یاسادانان پەسند بكرێت.
بڕگەیەكی تری كۆبوونەوەكە خستنەڕووی راپۆرتی سەردانی لیژنەیەكی لاوەكی لەئەندامانی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بوو بۆ زانكۆی پۆلتەكنیكی هەولێر بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ كێشەو كەموكوری و دابینكردنی پێداویستییەكانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆو قیستی كرێی خوێندنی پارالیل بەسێ قیست و گیروگرفتەكانی زانكۆ، بەتایبەتی شوێنی نیشتەجێبوونی خوێندكارانی هەردوو بەشی شیكاریی نەخۆشییەكان و پەرستاریی تەق تەق/ پەیمانگه‌ی تەكنیكیی كۆیەو چەندین بابەتی پەیوەندیدار.
بڕیاریش درا سێ لیژنەی لاوەكی لەئەندامانی لیژنه‌كه‌ پێكبهێنرێت، لیژنه‌یه‌ك بۆ سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی تایبەت بەگرفتی تەرقین قەیدی خوێندنی باڵاو لیژنەیەكیش بۆ زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك و لیژنەی سێهەمیش بۆ زانكۆی نەورۆز.