Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی تاووتوێی دەسپێكردنەوەی خوێندن دەكات

بەمەبەستی تاووتوێكردنی پرسی دەسپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، ئەمڕۆ سێشەممە 2021/1/19، لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بەسەرپه‌رشتیی عبدالسلام دۆلەمەڕی سەرۆكی لیژنەو ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكه‌ كۆبووەوە.
سەرەتاى كۆبوونەوەكه‌ خوێندەوەو گفتوگۆو وەڵامدانەوەی ئەو نوسراو و یاداشتانەبوو كەئاراستەی لیژنەكە كرابوون، دوای تاووتوێکردنیان رێكاری پەیڕەوی گیرایەبەر بۆ وەڵامدانەوەیان.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆی ورد لەسەر داشكاندن و كەمنەكردنەوەی كرێی خوێندن لەلایەن چەند زانكۆو پەیمانگه‌یەك كرا.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنەیەكی لاوەكی لەلیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پێكهێنرا بەمەبەستی سەردانیكردنى زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر تایبەت بەكێشەی بەشی شیكاری نەخۆش و بەشی پەرستاری پەیمانگه‌ی تەكنیكی كۆیە.
هەروەها پرسی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ی خوێندن تاووتوێ كراو لیژنه‌ بڕیاریدا لەچەند رۆژی داهاتوودا دوو لیژنەى لاوه‌كی لەئەندامانی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەردانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە بكه‌ن بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ی خوێندن.
ئاماده‌كارى بۆ پێشوازیكردن لەنوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ تەوەرێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكە بوو.