Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان كۆبوونه‌وه‌

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/1/11، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان، به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح‌ سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، پێشوازیى له‌ ئازاد حه‌مه‌مین نه‌قیبی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان و ستافی سه‌ندیكاكه‌ كردو چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌كاری رۆِژنامه‌گه‌رییان تاووتوێ كرد.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان، كورته‌باسێكی سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌گه‌ری و میدیا له‌كوردستان و ئه‌و به‌ربه‌ست و ئالنگارییانه‌ی به‌رده‌م ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌نووسانى خسته‌ڕوو و باسی له‌وه‌كرد كه‌ئه‌وان وه‌ك لیژنه‌ هه‌موو كات له‌گه‌ڵ ئازادیی ڕاده‌ربڕین و به‌پیشه‌ییكردنی كاری ڕاگه‌یاندندان.
دواتر نه‌قیبی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان باسی له‌وه‌ كرد كه‌پێویسته‌ بۆ هه‌مواركردن و ده‌رچوواندنی هه‌ر یاسایه‌كی تازه‌ كه‌ڕه‌هه‌ندی میدیایی و ڕۆژنامه‌گه‌ریی هه‌بێت، هه‌ماهه‌نگی و كۆبوونه‌وه‌ی ڕاوێژكاری ئه‌نجام بدرێت و ڕاو سه‌رنجی كه‌سانی ئه‌كادیمی و پسپۆڕ وه‌ربگیرێت.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ لیژنه‌ی ڕۆشنبیریی په‌رله‌مان و سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌یه‌و بوونی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌و دیدارانه‌ش‌ به‌گرنگ زانران و سه‌رۆكی لیژنه‌ى رۆشنبیریی په‌رله‌مان ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ئه‌وان وه‌كو لیژنه‌ هه‌میشه‌ پێش هه‌مواركردنی هه‌ر یاسایه‌كی تایبه‌ت، یاخود ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسایه‌كی تازه‌ سه‌باره‌ت به‌كارى رۆژنامه‌گه‌رى، ئه‌وا ڕاو سه‌رنجی كه‌سانی شاره‌زاو پسپۆڕ ئه‌ركێكی له‌پێشه‌نه‌یه‌و سوود له‌هه‌موو و سه‌رنج و ڕایه‌ك وه‌رده‌گرن.