Skip to the content
Menu

په‌رله‌مان و ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبوونه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردن و یه‌كخستنی هه‌ڵوێست و شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ واقیعی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێكى گونجاو بۆ دروستكردنی یه‌كڕیزی و كۆده‌نگی له‌نێوان حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان، بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌ك له‌و ناوچانه‌، له‌سه‌ر بانگهێشتی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و پێشنیازی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 28/1/2021، له‌هۆڵی پرۆتۆكۆل له‌ته‌لارى په‌رله‌مان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی به‌رپرسی ده‌زگاو نوسینگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد، دواتر د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانى ئاماده‌بووان، سوپاسى حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كرد بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی بانگه‌وازه‌كه‌ى په‌رله‌مان و رایگه‌یاند: "به‌پێی بڕیارى ژماره‌ (1)ى ساڵی 2005 كه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه‌، په‌رله‌مان له‌بابه‌ته‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا مه‌رجه‌عی سیاسییه‌ بۆ بڕیاردان له‌و بابه‌تانه‌ى كه‌په‌یوه‌ندییان به‌چاره‌نووسی كوردستانییانه‌وه‌ هه‌یه‌"، گووتیشی: "پێمان وایه‌ كه‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم یه‌كێكه‌ له‌بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گرنگ و چاره‌نووسسازه‌كان، بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌مڕۆ به‌و ئه‌ركه‌ی خۆمان هه‌ڵساین و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌و ئه‌ركه‌مان".
داواشی له‌به‌رپرسی ده‌زگاو نوسینگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه‌ میكانیزمێكی گونجاو بۆ ئه‌و پرسه‌ بدۆزنه‌وه‌و هاوكاری په‌رله‌مان و لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم بن.
پاشان د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، باسی له‌مه‌ترسییه‌كانی شێوازی ئه‌مجاره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی دروستكردنی كۆده‌نگی و یه‌كخستنى هێزو تواناكان له‌و پرسه‌دا كرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "پێویسته‌ له‌و پرسه‌دا كوردستانییانه‌ بیر بكه‌ینه‌وه‌"، داواشی له‌ئاماده‌بووان كرد زه‌مینه‌سازییه‌كی باشتر بۆ ئه‌و پرسه‌ نیشتیمانییه‌ بكه‌ن.
دواتر منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، وێڕای پشتیوانكردنی له‌قسه‌كانی سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، رایگه‌یاند: "ئه‌و پرسه‌ ڕه‌هه‌ندێكی نیشتیمانیی هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ زۆر گرنگه‌".
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ به‌رپرسی ده‌زگاو نوسینگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاری و خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئه‌و بانگهێشت و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ى ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، پشتیوانیی خۆیان بۆ دروستكردنی ئه‌و كۆده‌نگی و هاوپه‌یمانییه‌ له‌نێوان حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌و ناوچانه‌ ده‌ربڕی و جه‌ختییان له‌سه‌ر پێویستیی یه‌كخستنه‌وه‌ى نێوماڵی كوردستانیان و پاراستنی مافی ده‌نگده‌ران له‌و ناوچانه‌ كرده‌وه‌و ئاماژه‌یان به‌پێویستیی دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێكی گونجاو له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق كردو هیوایان خواست ئه‌مجۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ به‌رده‌وامییان هه‌بێت و په‌رله‌مانی كوردستان له‌و ئه‌ركه‌ى كه‌گرتوویه‌تییه‌ ئه‌ستۆی خۆی به‌رده‌وام بێت تابه‌ئامانجه‌كه‌ی ده‌گات.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك و جێگرو بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان و مه‌ترسییه‌كانی له‌سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم ده‌ربڕی و جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستیی دروستكردنی كۆده‌نگی و یه‌كڕیزیی نێوان حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌و ناوچانه‌دا كرده‌وه‌.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بڕیاریدا له‌هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام بێت و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌ت و مه‌كته‌بی سیاسیی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی له‌په‌یوه‌ندیدا بێت بۆ تاووتوێكردنی ئه‌و پرسه‌ نیشتیمانییه‌.