Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیى له‌كونسوڵی گشتیی یۆنان له‌هه‌ولێر كرد

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/1/20، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ئیفۆپیمۆس كۆستۆپۆڵۆس كونسوڵی گشتیی یۆنان له‌هه‌ولێر كرد.
به‌مه‌به‌ستی ماڵئاواییكردن و كۆتاییهاتنی ئه‌ركه‌كانی له‌هه‌رێمی كوردستان، كونسوڵی گشتیی یۆنان، سه‌ردانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كردو له‌دیدارێكی نێوانیاندا باسی دوایین پێشهاته‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی عێراق و كوردستان كرا.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "وێڕای ده‌ستخۆشیمان بۆ سه‌ركه‌وتنی به‌ڕێز ئیفۆپیمۆس كۆستۆپۆڵۆس كونسوڵی گشتیی وڵاتی یۆنان له‌ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیدا، هاوكات پێمانوایه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌لومه‌رجی ته‌ندروستی ده‌رفه‌تی نه‌ڕه‌خساند بۆ پێشكه‌شكردنی كاری زیاتری به‌ڕێزیان، هیواخوازین له‌ئاینده‌دا بتوانێت خزمه‌تی زیاتر پێشكه‌ش بكات و پیرۆزبایی لێده‌كه‌ین له‌ئه‌ركه‌ تازه‌كه‌یدا".
لای خۆیه‌وه‌ كونسوڵی گشتیی یۆنان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌و هیوای خواست كه‌ له‌زووترین كاتدا هه‌رێمی كوردستان و عێراق بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن و چاره‌سه‌ری كۆتایی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كان.