Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیى له‌ پاتریاركی كه‌نیسه‌ی كلدانی له‌ عێراق و جیهان كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٧/٢٥، د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، پێشوازیى له‌ لویس ساكۆ پاتریاركی كه‌نیسه‌ی كلدانی له‌ عێراق و جیهان و شاندێكى یاوه‌ری كرد.
له‌ دیدارێكدا كه‌ جنان جبار بۆیا ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یبوو، باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ى عێراق و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و دۆخی دارایی و ڤایرۆسى كۆڕۆنا و هه‌نگاوه‌كانی نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور و مافی پێكهاته‌كان به‌ تایبه‌ت كریستیانه‌كان كرا.
د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پاراستنی زیاترى مافی پێكهاته‌كان كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "كریستیانه‌كان پێكهاته‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن و گرنگى هه‌رێمى كوردستان و مێژوویه‌كی هاوبه‌شمان له‌ خۆشی و ناخۆشییه‌كاندا هه‌یه‌".
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسى له‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌ سیاسی و یاساییه‌كان بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ ‌په‌رله‌مانی كوردستان سووڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ‌هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ خاوه‌نی ده‌ستوورى خۆی و جه‌ختیشی له‌سه‌ر پێویستیى پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له‌ ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستاندا كرده‌وه‌ و ڕاشیگه‌یاند : "له‌كاتی نووسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستووردا سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى كوردستان نوێنه‌ری خۆیان ده‌بێت له‌ لیژنه‌كه‌دا و ده‌توانن ماف و داواكارییه‌كانی خۆیان له‌ناو لیژنه‌كه‌دا بخه‌نه‌ڕوو".
لای خۆیانه‌وه‌ شاندی میوان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیى خۆیان به‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا له‌ هه‌رێمی كوردستان هاتوونه‌ته‌ دی، هیوایان خواست ئه‌و پێشكه‌وتن و سه‌قامگیرى و پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ سه‌رجه‌م پارچه‌كانی دیكه‌ی عێراقیش بگرێته‌وه‌.