لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا به‌دواداچوون بۆ بڕیاڕێكی وه‌زاره‌تی دارایی و كاروبارى ئابووری ده‌كات
به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگى په‌یوه‌ست به كارى لیژنه‌كه، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ٢٠٢١/٧/١٢، لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌سه‌رپه‌رشتیی عبدالسلام دۆڵه‌مه‌ڕی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجام دا.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر بڕیاڕێكی وه‌زاره‌تی دارایی و كاروبارى ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێم كه تایبه‌ت بوو به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕوانامانه‌ی كه به‌بێ مۆڵه‌تی خوێندن به‌ده‌ستهاتوون، كه له‌دانیشتنی ڕابردووی په‌رله‌ماندا به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ی ڕاسپارد به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بڕیاره بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته لیژنه‌ی په‌روه‌رده له كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیدا لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كیی پێكهێنا بۆئه‌وه‌ى سه‌ردانی وه‌زاره‌تی دارایی و كاروبارى ئابووری بكات.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر پرۆسه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی قۆناغی دوانزه و جه‌خت له‌وه كرایه‌وه كه لیژنه‌كه چاودێریی وردی پڕۆسه‌كه ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده‌ی پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان هه‌ماهه‌نگ ده‌بن بۆئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه به باشترین شێوه به‌ڕێوه بچێت.
له كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا سه‌رجه‌م ئه‌و نووسراو و یاداشتانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه كرابوون خوێندرانه‌وه و ئه‌ندامانی لیژنه ڕا و سه‌رنجی خۆیان له‌سه‌ر نووسراوه‌كان خسته ڕوو و ئه‌وانه‌ی پێویستییان به وه‌ڵامدانه‌وه هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران.