Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافى مرۆڤ پێشوازی له‌ شاندێكی ڕێكخراوی هارتلاند ئه‌لایه‌نسی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات

ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ ٢٠٢١/٧/٢٧، لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌ مافى مرۆڤ، به‌ سه‌رپه‌رشتیى ڕۆمیۆ هه‌كارى سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانى لیژنه‌كه‌، پێشوازیى له‌ شاندێكى ڕێكخراوى هارتلاند ئه‌لاینسى نێوده‌وڵه‌تى كرد، كه‌ پێكهاتبوو له‌ تاڤگه‌ عه‌زیز به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌ى پاراستنى ماف و ئه‌ندامێكى ڕێكخراوه‌كه‌.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكى لیژنه‌ خۆشحاڵیى خۆى به‌ هاتنى ڕێكخراوه‌كه‌ بۆ لیژنه‌كه‌یان ده‌ربڕى، پاشان شاندی میوان باسیان له‌ كار و چالاكییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌یان كرد له‌ ماوه‌ى ڕابردوو له‌ژێر ناوونیشانى پاراستن و به‌هێزكردنى مافى مرۆڤ له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامیان داوه‌ به‌ ئه‌نجامدانى ڕاپرسییه‌ك له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنى چه‌ند یاسایه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك یاساى به‌ده‌ستهێنانى زانیارى، یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، یاسای بەخشین و چاندنی ئەندامەكانی جەستە، پاشان ده‌رئه‌نجامى راپرسییه‌كه‌یان ئاراسته‌ى ئه‌ندامانى لیژنه‌ كرد و گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ كرا كه‌ چۆن لیژنه‌ له‌داهاتوو كار له‌سه‌ر ڕاسپارده‌كانى ئه‌و رێكخراوه‌ بكات به‌ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌ى كه‌ دێنه‌ به‌رده‌مى جێبه‌جێكردنى یاساكان له‌ هه‌ریمى كوردستاندا.
پاشان له‌لایه‌ن سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان ئاگادار كرانه‌وه‌ كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگه‌ و له‌ خزمه‌تى كارى مافى مرۆڤه‌ و وه‌ك لیژنه‌ى مافى مرۆڤ حه‌ز ده‌كه‌ن ئه‌و كاره‌ به‌رده‌وام بێت به‌ مه‌به‌ستى هه‌وڵدان بۆ گونجاندنى یاساكان له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى مافى مرۆڤ، له‌و پێناوه‌شدا ده‌توانرێ‌ سوود له‌ توانا و ئه‌زموونى ئه‌و ڕێكخراوانه‌ وه‌ربگیرێت كه‌ له‌و بواره‌دا كار ده‌كه‌ن، ڕێكخراوى هارتلاندیش له‌و بواره‌دا ئه‌زموونێكى زۆرى هه‌یه‌ ده‌توانرێت سوود له‌ ڕاسپارده‌كانیان وه‌ربگیرێت كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامى ڕاپرسییه‌كه‌دا به‌ده‌ستیان هێناوه‌.