Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی شاره‌وانی پێشوازی له‌لیژنه‌یی دارایی و ئابووریی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر ده‌كات

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٧/٥، لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌رپه‌رشتیی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی لیژنه‌كە، پێشوازیی له‌ عه‌باس محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌و دارایی و كاروباری ئابووری له‌ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێرو دلێر حوسێن ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ كرد.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ شاندی میوان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان ڕوونكردووه‌ كه‌بریتی بوو له‌باسكردنی كێشه‌ی پاره‌ی كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك و بابه‌تی وه‌رگرتنی پاره‌ی تابلۆی شوێنه‌ بازرگانییه‌كان، شانده‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه‌پرۆسه‌كه‌ كه‌موكوڕی و كێشه‌ی زۆری تێدایه‌و له‌پارێزگایه‌ك بۆ پارێزگایه‌كی تر جیاوازیی هه‌یه‌و پێویستیی به‌ڕێكخستن و به‌دواداچوونی جدی هه‌یه‌و داوایان له‌لیژنه‌ی شاره‌وانی كرد كه‌كاری جدی له‌سه‌ر یاداشته‌كه‌یان بكه‌ن كه‌ورده‌كاریی زۆری تێدایه‌ سه‌باره‌ت به‌و دوو گرفته‌.
دواتر سه‌رۆك و ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان، سوپاسی به‌دواداچوون و ماندووبوونی لیژنه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگایان كردو ڕایانگه‌یاند: "ئه‌وان وه‌ك لیژنه‌ی شاره‌وانی ژماره‌یه‌ك سكاڵاو داواكارییان له‌سه‌ر ئه‌و دوو پرسه‌ به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌"، جه‌ختیشیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌پێویسته‌ ئه‌و دوو پڕۆسه‌یه‌ ڕێكبخرێته‌وه‌و جۆرێك له‌دادگه‌ریی تێدابێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی لیژنه‌كه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر یاداشته‌كه‌یان ده‌كه‌ن و بڕیاری پێویستی له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.