Skip to the content
Menu

لیژنەی كاروباری تەندروستی تاووتوێی ڕەوشی تەندروستیی هەرێم و پێشهاتەكانی پەتای كۆڕۆنا دەكات

بە مەبەستی تاووتوێكردنى لەسەر ڕەوشی تەندروستی و هەڵكشانی ئامارەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٧/٢٨، لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر، بەسەرپەرشتیی د. سەباح زێباری سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكە، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.
لە كۆبوونەوەكەدا مەترسییەكانی پەتای كۆڕۆنا و زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون و بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییان و خێرا بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە گؤڕاوە گفتوگۆی لەسەر كرا، سەرۆكی لیژنە و ئەندامان ڕاو سەرنجی خۆیان لەو بارەیەوە خستە ڕوو و جەختییان لەوە كردەوە كە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار و هاونیشتمانییان پابەندبن بە بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆڕۆنا كە لە ٢٠٢١/٧/٢٧، كؤمەڵێك بڕیاریان پەسەند كرد، هەروەها لیژنە داوای كرد ڕێكارەكانی خۆپارێزی توند بكرێن بۆئەوەی بە كەمترین زیان ئەو شەپۆڵە مەترسیدارە تێپەڕێنین.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئەو لیژنە لاوەكییەی بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ كێشەكانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە پێكهێنرابوو، ڕاپۆرتی خۆیان پێشكەش كرد و كۆمەڵێك ڕاسپاردەیان ئاراستەی لیژنەی كاروباری تەندروستی كرد بۆ ئەنجامدانی كاری پێویست.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانەی ئاراستەی لیژنەكە كرابوون خوێندرانەوە و كاری پێویستییان لەسەر كرا.