Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ته‌ندروستی و وه‌زیری ته‌ندروستی چه‌ند پرسێكی گرنگ تاووتوێ ده‌كه‌ن

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی گرنگی په‌یوه‌ست به‌كاروباره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و كه‌رتی ته‌ندروستی، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٧/١، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر، به‌سه‌رپه‌رشتیی د.سه‌باح زێباری سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌، پێشوازیی له‌ د.سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌سه‌ر بانگهێشتی لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان ڕێكخرابوو، سه‌رۆكی لیژنه‌ مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ بۆ تاووتوێكردن و خستنه‌ڕووی چه‌ند پرسێكی گرنگی تایبه‌ت به‌كاروباره‌كانی وه‌زاره‌تیی ته‌ندروستى و كه‌رتی ته‌ندروستييه، دواتر ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك پرسیارو كێشه‌و گرفتیان سه‌باره‌ت به‌پێدانی ڤاكسین و شێوازی دابه‌شكردنى به‌سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان و گرانیی نرخی نه‌شته‌رگه‌ری و تاقیگه‌و مانه‌وه‌ی نه‌خۆش له‌نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كێشه‌ی گرانیی پشكنینی كۆڕۆنا له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكاخه‌نه‌كانی هه‌رێم و هۆكاری پێدانی ئه‌و پشكنینانه‌ به‌كه‌رتی تایبه‌ت و پشكنین و چاودێریكردنی خۆراكی ماوه‌به‌سه‌رچوو له‌بازاڕه‌كانی كوردستاندا، ئاراسته‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی كرد، كێشه‌ی سندوقی هاوكاریی نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ش یه‌كێك بوو له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خرايه‌ به‌رباس و گفتوگۆ.
دواتر وه‌زیری ته‌ندروستی وه‌ڵامی پێویستیی پرسیارو سه‌رنجه‌كانی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ی دایه‌وه‌و سوپاسیكردن كه‌به‌رده‌وام چاودێرن و به‌دواداچوونی جدی ده‌كه‌ن به‌ئامانجی باشتركردنی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌هه‌رێمی كوردستاندا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌تائێستا نزیكه‌ی دووسه‌د هه‌زار كه‌س له‌هه‌رێمی كوردستان ڤاكسینیان وه‌رگرتووه‌و پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ ژماره‌یه‌كی زۆرتر ڤاكسین بگاته‌ هه‌رێمی كوردستان و پرۆسه‌كه‌ خێراتر بكرێت.
له‌سه‌ر گرانیی نرخی نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كانيش، وه‌زیری ته‌ندروستی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ له‌ئێستادا له‌هه‌وڵی ڕێكخستنه‌وه‌ی زیاتری كه‌رتی تایبه‌تدان و هه‌وڵده‌درێت نرخه‌كان كه‌مبكرێنه‌وه‌و یه‌كبخرێن، له‌وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌گه‌ری هاتنی شه‌پۆڵی سێیه‌می كۆڕۆنا-ش، وه‌زیرى ته‌ندروستی ڕایگه‌یاند: "پێشبینی ده‌كرێت مانگی هه‌شتی ئه‌مساڵ ڕێژه‌ی تووشبوون به‌كۆڕۆنا زیاد ببێت، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاماده‌كاریی ته‌واوی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر دۆخێك كردووه‌".
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا ئه‌و پڕۆژه‌یاساو پێشنیازه‌یاسایانه‌ى كه‌تایبه‌تن به‌ڕێكخستنی زیاترى كه‌رتی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كاریان له‌سه‌ر بكرێت.
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا، هه‌ریه‌ك له‌سه‌رۆكی لیژنه‌ى ته‌ندروستی و وه‌زیری ته‌ندروستی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بۆ ده‌زگاكانی ڕِاگه‌یاندن خسته‌ڕوو و جه‌ختیان له‌وه‌كردووه‌ كه‌هه‌ردوولا هاوكارو هه‌ماهه‌نگ ده‌بن بۆئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی چاره‌سه‌ربكرێن و خزمه‌تگوزاریی زياترى ته‌ندروستی پێشكه‌ش به‌هاووڵاتییان و دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، كه‌ئه‌وه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیی لیژنه‌كه‌و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌.