Skip to the content
Menu

‎په‌یامێك له‌لیژنه‌ی شه‌هیدانه‌وه‌ بۆ لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی بەلژیكا

هەرێمی كوردستان بەئومێدێكی گەورەوە‎ چاودێریی ئەو وڵاتانە دەكات كەهەنگاو دەنێن بۆ ناساندنی ئەو تاوانانەی لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام)ەوە دژ بەئێزدییەكان ئەنجام دران وەك تاوانی جینۆساید.
‎بڕیاردان لەلایەن لیژنە بەڕێزەكەتانەوە (لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی بەلژیكا) بۆ ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرحەق بەئیزدییەكان كرا وەك تاوانەكانی جینۆساید، مایەی سوپاس و پێزانینمانە لەلیژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی كوردستان-عێراق، وێڕای ئەوەی كەئەم بڕیارەتان دەربڕی هەڵوێستێكی بەرزی مرۆڤدۆستانەیە، لەهەمان كاتدا نیشانەی دۆستایەتیی گەلی بەلژیكایە بۆ قوربانییەكانی ئەو تاوانانەو گەلی كوردستان.
‎ئێزدییەكان بەو ئومێدەن كەكۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بەگشتی هەنگاوی هاوشێوەی لیژنە بەڕێزەكەتان بنێت تاببێتە بنەمایەكی بەهێز بەئاراستەی دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنجامدەری ئەو تاوانانە لەدادگایەكی نێودەوڵەتی یان بەڕێگەی دامەزراندنی دادگایەكی تێكەڵی نێودەوڵەتی و نیشتمانی، بەمەبەستی ئەوەی كەلانی كەمی دادپەروەری لەو كەیسەدا بێتەدی و ڕێگریش بێت لەدووبارەبوونەوەی تاوانی لەو چەشنە لەداهاتوودا دەرحەق بەئێزدییەكان و گەلی كوردستان و گەلانی ناوچەكە، لەهەمان كاتدا ببێتە بنەمایەكیش بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانییەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان.
لیژنه‌ی كاروبارى شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی كوردستان