Skip to the content
Menu

ڕاگەیەندراوی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لەبارەی بڕیاری پەرلەمانی بەلجیکا بۆ بە ناساندنی کۆمەڵکوژیی خوشک و برا ئێزدییەکانمان وەک جینۆساید

ئێمە لە لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی پەرلەمانی بەلجیکا دەکەین بە بۆنەی ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان وەک جینۆساید و دەستی یەکە بەیەکەی ئەو پەرلەمانتارانە دەکوشین کە دەنگیان بەو پرسە ڕەوایە دا، پرسێک کە ویژدانی تەواوی مرۆڤایەتیی هەژاند.
هەروەها سوپاسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی بەلجیکا دەکەین، بە تایبەتی ڕۆڵی سەرۆکی لیژنەکە بەڕێز (جۆرج دالیمانگ) ئەو کاتەی کە بە یەکەوه‌ لێژنەکەی ئێمە لەگەڵ ئەوان گفتوگۆیەکمان لەو بارەیەوە پێش نۆ مانگ لە پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دا، هەستمان کرد بە دڵێکی گەرمەوە خۆی و هەڤاڵانی لە لیژنەی ناوبراو دەیانەوێت ئەو پرسە سەرەتا لە پەرلەمانی خۆیان بورووژێنن و دواتر لە پەرلەمانی ئەوڕوپا، ئەوە بوو پڕۆژەبڕیارێکیان لەو بارەیەوە بۆ "ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان وەک جینۆساید" پێشکەش بە پەرلەمانەکەیان کرد.
ئەو بڕیارە دڵی هەموو ئێزدییەک و کوردستانییەک و ئازادیخوازێکی خۆش کرد، کە ئامانج لێی چەسپاندنی مافی یاسایی و مەعنەوی و مادیی خوشک و برا ئێزدییەکانە دەرهەق بەو تاوانە گەورە و قیزەوەنەیە کە لە بەرامبەریان کرا.
هیوادارین ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی بەلجیکا هاندەرێک بێت بۆ پەرلەمانانی وڵاتانی دیکەش تا هەمان هەنگاو بگرنە بەر و ئەرکی دادپەروەری بەرامبەر بە قوربانیانی کەیسەکە و کەس و کاریان جێبەجێ بکەن تا ڕەوتی ئازادی لە سەرانسەری جیهان لە هەمبەر ڕەوتی دڕندەیی و ستەم سەرکەوێت و جیهانێکی دوور لە تاوان و کۆمەڵکوژی ئاوا بکرێت، هەمیش حکومەتی عێڕاق بخاتە ژێر بەرپرسیاریەتیی یاسایی و بە ئەرکە یاساییەکانی خۆی لەو ڕووەوە هەڵسێت.
لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان