Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٧/٢٥، د. ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ لویس ساكۆ پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد.
له‌ دیدارێكدا كه‌ جنان جبار بۆیا ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یبوو، باس له‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ ئاینییه‌ جیاوازه‌كان و هه‌نگاوه‌كانی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستان كرا.
د. ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگه‌یاند: "ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ى نێوان سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كان، ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌كی مێژوویی دوورو درێژى هه‌یه‌ و نموونه‌یه‌كی جوانی پێكه‌وه‌ژیانى ناوچه‌كه‌ و جیهانیشه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا تا ڕاده‌یه‌كی زۆرباش مافه‌كانیان پارێزراوه‌".
سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوه‌كانی نووسینه‌وه‌ى ده‌ستووریش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پاراستن و ده‌سته‌به‌ركردنی مافی پێكهاته‌كان له‌ ده‌ستووردا كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "وه‌كو په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ جێگیركردنی مافی ته‌واوی پێكهاته‌كانین له‌ ده‌ستووردا و له‌ كاتی نوسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستووریشدا پێكهاته‌كان نوێنه‌ری خۆیان له‌ لیژنه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووردا ده‌بێت و ده‌توانن له‌وێ ماف و داواكارییه‌كانی خۆیان بخه‌نه‌ڕوو"، گووتیشی: "نوسینه‌وه‌ى ده‌ستوور پرۆسه‌یه‌كی گرنگه‌ و پێویستیی به‌ كۆده‌نگیی نیشتمانی و ڕازیبوونی سه‌رجه‌م پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌كانى هه‌رێمی كوردستانه‌".
لای خۆیانه‌وه‌ شاندی میوان، وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ ئه‌و پێشوازی و تێڕوانینانه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌رباره‌ى مافی پێكهاته‌كان، جه‌ختییان له‌سه‌ر پێویستیی قووڵتركردنەوەی كلتووری پێكەوەژیان و تەبایی نێوان پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كرده‌وه‌ و داوایان له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد له‌ كاتی نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستانیشدا ڕه‌چاوی مافی پێكهاته‌كان بكرێت".