Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی سەردانی كونسوڵخانەی سعودیە لە ھەرێمی كوردستان ده‌كات

بەمەبەستی پیرۆزباییكردن و پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و تاووتوێکردنی چەند پرسێک، نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٧/١٣، شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، كە پێكھاتبوو لە د. هەورامان حمەشریف حمەڕه‌شید سەرۆکی لیژنەو مەلا ئیحسان محه‌مه‌د سه‌لیم جێگری سەرۆکی لیژنە و وەیسی سەعید وەیسی بڕیاردەری لیژنە و فه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا و د. ئیسماعیل سگێری و هێرش فه‌قێ حه‌سه‌ن ئەندامانی لیژنەكه‌، سەردانی كونسوڵخانەی شانشینی عەرەبستانی سعودیە-یان لە هه‌رێمی كوردستان کرد.
له‌ دیدارێكدا شاندی لیژنەكه‌ى په‌رله‌مان پیرۆزباییان لە محەمەد بن سلێمان ئەلعسیری كونسوڵی گشتیی شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە ھەرێمی كوردستان كرد، بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك كونسوڵی نوێی وڵاتەكەى لەھەرێمی كوردستاندا و ھیوای سەركەوتنیان بۆ خواست لە ئەرك و كارەكانیدا.
پاشان ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییە لە مێژینەكانی نێوان گەلی كوردستان و شانشینی سعودیە، ھەر لەو سۆنگەیەوەش بوو لیژنەی ئەوقاف بەپێویستی زانی زیاتر پەیوەندییەكانی فراونتر بكات لەگەڵ كونسوڵخانەی سعودیە.
ھەر له‌ دیداره‌كه‌دا باس لە ڕەوشی پێكەوەژیانی ئاینیی ھەرێمی كوردستان كرا كە ھەموو ئاین و پێكھاتەو مەزھەبێك ئازادانە ئەركە ئاینییەكانیان ئەنجام دەدەن و ھەرێمی كوردستانیش بووه‌تە نموونەیه‌كی جوانی پێكەوەژیان لەناوچه‌كه‌ و جیھاندا.
له‌ به‌شێكی دیدكه‌ى دیداره‌كه‌دا باس لە ئەزموونی وڵاتی سعودیە لە بڵاوكردنەوەی پەیامی میانڕەوی كرا، بۆ ئەمەش جەخت لەسەر ھاوكاری و چالاكیی ھاوبەش كرایه‌وه‌.
لای خۆیەوە كونسوڵی گشتیی شانشینی سعودیە، خۆشحاڵیی خۆی به‌و سه‌ردانه‌ی لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینیی په‌رله‌مان دەربڕی و جەختی لەسەر ھەماھەنگی و لێكنزیكبوونەوەی زیاتری نێوان ھەردوولای كردەوە و دڵنیایی دا ھەموو ھەوڵەكانی دەخاتە گەڕ بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و عەرەبستانی سعودیە.