Skip to the content
Menu

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە كونسوڵی تازەی ئەمریكا كرد

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٧/٢٧، د. ڕێواز فایق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە ڕۆبەرت پاڵادینۆ، كونسوڵی گشتیی تازەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكی نێوانیاندا، سەرۆكی پەرلەمان پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كونسوڵی گشتیی تازەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كرد  و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركەكەیدا، پاڵپشتیی خۆيشی بۆ هاوئاهەنگیی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان پەرلەمان و كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دەربڕی. دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا، هاوكات ئاماژەی بە كاریگەریی ڕۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هێنانەدیی سەقامگیری لە عێڕاق و هەرێمی كوردستان كرد.

هەر لە دیدارەكەدا باس لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێڕاق و ئاڵنگارییەكانی بەردەم پرۆسەكە و دۆخی عێڕاق بەگشتی و مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش كرا، سەرۆكی پەرلەمان ڕۆڵی ئەمریكای بەرزنرخاند لە پشتیوانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا، وەك هاوپەیمانێكی سەرەكی وستراتیژی.

لای خۆیانەوە كونسوڵی گشتیی ئەمریكا، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ دیدارەكە و هیوای خواست لە ئایندەدا بتوانن ڕۆڵێكی ئەرێنی لە پتەوكردن و بەرەو پێشەوەبردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا ببینن.