Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیى له‌شاندێكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ڕێكخراوه‌كانی لاوانی پارته‌ سیاسییه‌كان كرد

 ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٧/٥، د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌شاندێكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ڕێكخراوه‌كانی لاوانی پارته‌ سیاسییه‌كان، به‌سه‌رۆكایه‌تیی مه‌یسه‌ر نهێلی سكرتێری یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و سكرتێری ڕێكخراوه‌كانی لاوانی حزبه‌ سیاسییه‌كان كرد.
له‌دیدارێكدا باس له‌ڕه‌وشی لاوان به‌گشتی و چه‌ندین پرسی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی هه‌نووكه‌یی و دۆخی بێكاریی لاوان و كۆچی فراوانی لاوان بۆ هه‌نده‌ران كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "لاوان له‌تێكڕای كۆمه‌ڵگه‌كانی دونیادا بزوێنه‌ری سه‌ره‌كیی وڵاتن له‌ڕووی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی فه‌رهه‌نگی، سیاسی، ئابووری و ئه‌وان داینه‌مۆی نوێبوونه‌وه‌و گه‌شه‌كردنن، بۆیه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی له‌و پڕۆژانه‌ ده‌كات كه‌ده‌بنه‌ مایه‌ی سوودگه‌یاندن به‌لاوان"، گووتیشی: "مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ كه‌ده‌بینین كۆمه‌ڵێك ڕێكخراوی لاوانی سه‌ر به‌حیزبه‌ سیاسییه‌كان بوێرانه‌ به‌ربه‌ستی حزبییان تێكشكاندووه‌ له‌پێناو به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوانیان په‌یوه‌ست به‌خزمه‌تكردنی لاوان".
دواتر ئه‌ندامانی شاندی میوان تیشكیان خسته‌سه‌ر چه‌ندین لایه‌نی گرنگ و هه‌ستیار له‌مه‌ڕ كێشه‌كانی لاوان و چه‌ندین بیرۆكه‌و پێشنیاریان خسته‌ڕوو، به‌ئامانجی چاره‌سه‌رو دۆزینه‌وه‌ی ڕێكاری گونجاو به‌ئاڕاسته‌ی پێشخستنی تواناكانی لاوان له‌سه‌رجه‌م سێكته‌رو بواره‌ گشتییه‌كانی ژیاندا.
د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پشتیوانیی ته‌واوی خۆی بۆ تێڕوانین و هه‌وڵه‌كانیان ده‌ربڕی، هیوای بۆ خواستن كه‌ڕێكخراوه‌كانی لاوان هه‌میشه‌ له‌پێشه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌دا بمێننه‌وه‌، په‌رله‌مانی كوردستانیش هاوكاریان ده‌بێت بۆ سه‌رخستنی پڕۆژه‌كانیان.