Skip to the content
Menu

د. ڕێواز فایق سوپاسنامه‌ ئاراسته‌ی هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ھۆڵەندا و به‌لجیكا ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی سوپاسگوزاری و پێزانینیان به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی مرۆییانه‌ی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانی هه‌ردوو وڵاتی هۆڵه‌ندا و بەلجیکا و په‌سندكردنی بڕیاری به‌ جینۆسایدناساندنی ئه‌و تاوانانه‌ى كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ كوردانی ئێزدی ئه‌نجام دران له‌لایه‌ن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشه‌وه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، نامه‌یه‌كی پێزانین و به‌رزنرخاندنی هه‌ڵوێستی هه‌ردوو وڵاتی دۆستی گه‌لی كوردی ئاراسته‌ی به‌ڕێزان خاتوو ڤێرا بێركامپ، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی هۆڵه‌ندا و خاتوو ئیلیان تیلیۆكس، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی به‌لجیكا كرد.
له‌ نامه‌كه‌یدا د. ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی هۆڵه‌ندا كردووه‌، كه‌ له‌ ٦ی ته‌ممووزی ئه‌مساڵدا ده‌نگیان بۆ به‌ فه‌رمی ناساندنی كۆمه‌ڵكوژیی كوردانی ئێزدی داوه‌، هاوكات سوپاسنامه‌یه‌كیشی ئاڕاسته‌ی خاتوو ئیلیان تیلیۆكس سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی به‌لجیكا كردووه‌ به‌رامبه‌ر په‌سندكردنی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی به‌لجیكا لە ١٥ی تەممووزدا بۆ به‌جینۆسایدناساندنى ئه‌و تاوانانه‌ى كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ كوردانی ئێزدی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ئه‌نجام دران، له‌نامه‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیوای خواستووه‌ كه‌ به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانی كۆمه‌ڵكوژیى كوردانی ئێزدی له‌ هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانی هۆڵه‌ندا و به‌لجیكا ببێته‌ مایه‌ی دادگاییكردنی تاوانباران و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووانی ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه ‌و دووباره‌ بنیادنانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان، هه‌روه‌ها ببێته‌ په‌ندێك بۆ تاوانكارانی ئه‌م جۆره‌ كۆمه‌ڵكوژییانه‌ و جارێكی دیكه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.
له‌كۆتایی نامه‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیوای خواستووه‌ كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ پیرۆزەیان ڕایەڵەیەکی پتەوتر دروستبکات بەئاراستەی لێكنزیكبوونه‌وه‌ و گەشەکردنی په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی هۆڵه‌ندا و به‌لجیكا.