Skip to the content
Menu

د.هێمن هەورامی پێشوازیى له‌ بەڕێوەبەری بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکوور لەڕێکخراوی ئەمریکا بۆ ئاشتی كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/6/16، د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، پێشوازیى لە د.ئێلی ئەبوانۆن بەڕێوەبەری بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکوور لەڕێکخراوی ئەمریکا بۆ ئاشتی كرد.
له‌دیدارێكدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و مرۆیی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى هەرێم و ناوچەکانی تری عێراق و دواین پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کرا.
د.هێمن هەورامی ئەولەویەتی كارى یاسادانانی پەرلەمانى له‌ئێستادا ڕوونکردەوە کەبریتییە لەپڕۆژەیاسای دادگای تایبەتمه‌ند بەتاوانەکانی داعش و دەستووری هه‌رێمی کوردستان و پڕۆژەیاسای چاوەڕوانکراوی بودجەی هەرێمی کوردستان.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌باردۆخی ئاواره‌كان كراو هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کەنابێت ئاوارەکان ناچاربکرێن بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان، هەروەها ناوچەکانیان پێویستیی بەسەقامگیری و ئاسایش هەیە بۆئەوەی بەپارێزراوی بگەڕێنەوە ناوچه‌كانیان.
پەیمانگه‌ى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئاشتی (USIP) پەیمانگه‌یەکی سەربەخۆی ئەمریکییەو لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە دامەزراوە، کە لەگەڵ هاوبەشانی ناوخۆ کار دەکات بۆ ڕێگەگرتن و کەمکردنەوەو چارەسەرکردنی توندوتیژی.