Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ هاكان تاش ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی به‌رلین له‌ئه‌ڵمانیای فیدڕال كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/6/15، د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی رێبوار بابكه‌یی سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی، پێشوازیی له‌ هاكان تاش ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی به‌رلین و سه‌رۆكی لیژنه‌ی خۆگونجاندن و ئاسایش و ناوخۆو ئامانج عه‌گید نێروه‌یى جێگرى سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تیی كوردو ئه‌ڵمان، ئه‌ندامى پارتی (CDU)و د.عادل زێبارى ئه‌ندامى كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تیی كوردو ئه‌ڵمان، ئه‌ندامى لیژنه‌ی سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى پارتی (CSU)ى ئه‌ڵمانی له‌بایرن كرد.
له‌دیدارێكدا د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌دۆخی سیاسی و ئابووریی هه‌رێم و كارو پێكهاته‌ی په‌رله‌مان له‌ڕووی ژماره‌ی فراكسیۆن و پێكهاته‌كان و كاری لیژنه‌كانی په‌رله‌مان خسته‌ڕوو و جه‌ختیشی له‌پێویستیی بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی هه‌رێمی به‌رلین كرده‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ په‌رله‌مانتار هاكان تاش ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی به‌رلین، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌سه‌ردانی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رسامیی خۆی ده‌ربڕی به‌و پێشكه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا هاتوونه‌ته‌ دی و راشیگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان نمونه‌یه‌كی جوانی دیموكراسییه‌ له‌ڕووی پێكهاته‌و فراكسیۆنه‌كان به‌ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنييه‌وه‌".