Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كلدانی له‌جیهان و شاندێكی یاوه‌رى كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/6/23، د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان پێشوازیى له‌ صفا‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌و هندى سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كلدانی له‌جیهان و شاندێكی یاوه‌رى كرد.
له‌دیدارێكدا كه‌به‌ئاماده‌بوونی جنان جه‌بار بۆیا ئه‌ندامی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، باس له‌پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاوه‌كانی نوسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌وشی ئه‌و ئاواره‌ مه‌سیحییانه‌ى ڕوویان له‌هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ كرا.
د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند: "پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێكهاته‌ی ڕه‌سه‌ن و گرنگی گه‌لی كوردستانن و له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ له‌سه‌ر خاكی پیرۆزى كوردستان ژیاون و له‌خۆشی و ناخۆشییه‌كانى كه‌ به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هاتوون به‌شداربوون".
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی لەیاسای پاراستنى مافی پێكهاته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان کرد کەچەندین مافی كلتووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ پێكهاته‌كان چه‌سپاندووه‌و ئاماژه‌شی به‌هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوورو قۆناغه‌كانی پێشووتری ڕه‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌په‌رله‌مانی كوردستان ڕژده‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ خاوه‌نی ده‌ستوورى خۆی و جه‌ختی له‌سه‌ر پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له‌ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ صفا‌‌‌‌‌‌‌‌‌و هندى سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كلدانی له‌جیهان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیى قووڵی خۆى به‌و پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌ی كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، راِیگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌كی جوانى پێكه‌وه‌ژیانه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا كه‌جێگه‌ی ڕێزو بایه‌خی هه‌موولایه‌كه‌".
هه‌روه‌ها ستایشی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ له‌خۆگرتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌كان كه‌ له‌ناوچه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ وه‌ك په‌نایه‌گی ئارام ڕوویان له‌هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.