Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی به‌سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی باڵاى په‌رله‌مان سه‌ردانی قه‌زاى شێخان ده‌كات

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2021/6/20، شاندێكی باڵاى په‌رله‌مانی كوردستان، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كه‌ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان یاوه‌رییان ده‌كرد، سه‌ردانی قه‌زای شێخان-ى كردو سه‌ره‌تاش سه‌ردانی ماڵی میرى ئێزدییانى كردو له‌لایه‌ن میر حازم میر ته‌حسین به‌گ، میرى ئێزدییان پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێكرا.
له‌دیدارێكدا د.هێمن هه‌ورامی وێڕای پیرۆزباییكردن له‌به‌ڕێزیان به‌بۆنه‌ی ده‌ستنیشانكردنى وه‌ك میرى ئێزدییان، باسى له‌پرسی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوورو مافى پێكهاته‌كان به‌گشتی و مافی كوردانی ئێزدی وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی ڕه‌سه‌نی كوردستان به‌تایبه‌تی كردو ڕاشیگه‌یاند: "بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ كه‌نوێنه‌رى ئێزدییه‌كان به‌شداریی كاریگه‌ریان هه‌بێت له‌پرۆسه‌كه‌دا".
گووتیشی: "ئێمه‌ له‌په‌رله‌مان هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌كاروبارى ئێزدییه‌كان له‌نزیكه‌وه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئێزدییه‌كان تاووتوێیان بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی مافی كوردانی ئێزدی له‌یاساكاندا زیاتر پارێزراو بێت".
لای خۆیه‌وه‌ میرى ئێزدییان، خۆشحاڵیی خۆی به‌و سه‌ردانه‌ی شاندی باڵای په‌رله‌مان ده‌ربڕى و ئه‌و سه‌ردانه‌شی به‌پشتگیرى و پشتیوانیی په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ئێزدییه‌كان وه‌سفكرد.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا باس له‌پڕۆژه‌یاسای دامه‌زراندنی دادگای تاوانكاریی تایبه‌تمه‌ند به‌تاوانه‌كانی داعش له‌هه‌رێمی كوردستان-عێڕاق كرا، كه‌ئێستا كارى جدیی له‌سه‌ر ده‌كرێت، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "بۆ ئێمه‌ وه‌كو په‌رله‌مان و بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌ له‌نزیكه‌وه‌ بیروبۆچوونی ئێوه‌ش بزانین له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌".
هەر له‌سەردانەکەیدا بۆ قه‌زاكه‌، شاندی باڵای په‌رله‌مان سەردانی قایمقامییه‌تی قەزای شێخانی کردو لەلایه‌ن شێخ سەردار شێخ یه‌حیا بەرزنجی قایمقام و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایه‌تی قەزاکەوه‌ پێشوازیى لێکرا.
له‌دیدارێكدا باس له‌کێشەو گرفتەکانى قه‌زاكه‌ له‌ڕووی ئیدارى و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ كراو شاندى باڵای په‌رله‌مان له‌نزیكه‌وه‌ گوێیان له‌داواكارییه‌كانی قه‌زاكه‌ گرت و پێیانڕاگه‌یاندن كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌و داواكارییه‌كان ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان.