Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌كونسوڵی گشتیی كۆماری توركیا له‌هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/6/1، د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌هاكان كاراچای كونسوڵی گشتیی كۆماری توركیا له‌هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌گفتوگۆیه‌كدا باس له‌ڕه‌وشی سیاسیی كوردستان و كاره‌كانی په‌رله‌مان و ئاماده‌كارییه‌كانی ده‌ستوورو گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بودجه‌ی 2021 و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم كرا.
له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، د.هێمن هه‌ورامی له‌سه‌ر ڕه‌وشی ناوچه‌ سنوورییه‌كان، به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ نیگه‌رانیی قووڵ و ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر زیانپێگه‌یاندن به‌ژیان و ئاقاری گوندنشینه‌كانی گونده‌كانی سنووری ناحیه‌ی ده‌ركارو باتیڤاو كانی ماسی خرایه‌ڕوو كه‌به‌هۆی شه‌ڕی توركیاو په‌كه‌كه‌ هاتووته‌ ئارا.
جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌هه‌رێمی كوردستان بژارده‌ی شه‌ڕو په‌لامار له‌هه‌رلایه‌كه‌وه‌ بێت ره‌تده‌كاته‌وه‌و داواشیكرد سه‌روماڵی هاووڵاتییانمان له‌ناوچه‌ سنوورییه‌كان و سروشتی ناوچه‌كه‌ پارێزراوبن و قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووان بكرێته‌وه‌و كۆتایی به‌زیانگه‌یاندن به‌ژیان و ئاقاری گوندنشينانی ناوچه‌كه‌ بهێنریت.