Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ڕاوێژكاری له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای به‌ركاركردن و هه‌مواری پیاده‌كردنی یاسای وه‌به‌رهێنانی پیشه‌سازی هه‌ردوو كه‌رتی تایبه‌ت و تێكه‌ڵاو ژماره‌ 20ی ساڵی 1998ی هه‌مواركراو له‌هه‌رێمی كوردستان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2021/6/6، لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان، به‌سه‌رپه‌رشتیی هاوڕێ مه‌لا ستار سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، پێشوازیی كرد له‌مخلص سه‌لیم به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و شاندێكی ده‌سته‌كه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی لیژنه‌ ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كه‌و به‌شێك له‌ماده‌و بڕگه‌كانی ناو پڕۆژه‌یاساكه‌ی خسته‌ڕوو بۆئه‌وه‌ی ڕاو سه‌رنجی نوێنه‌رانی ده‌سته‌ بزانن له‌مباره‌یه‌وه‌، دواتر كۆی گشتیی پڕۆژه‌یاساكه‌و ناوه‌ڕۆكی ماده‌كان خوێندرانه‌وه‌و ڕای پێویستییان له‌سه‌ر درا.
بڕیاره‌ لیژنه‌ به‌سوودوه‌رگرتن له‌ڕاو سه‌رنجی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و به‌ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ پسپۆڕان و كه‌سانی ئه‌كادیمی و شاره‌زا له‌بواره‌كه‌ ڕاپۆرتی كۆتایی ئاماده‌ بكه‌ن و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی ڕێكاری یاسایی بگیرێته‌به‌رو بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كار به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و په‌سه‌ندكردنی.