لیژنەی دارایی لهگهڵ وهزیرى دارایى و سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازی كۆبووهوه
ئەمڕۆ دووشەممە 2021/6/14، لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری، بەسەرپەرشتیی زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەو ئامادهبوونی جێگری سەرۆكى لیژنەو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه، لههۆڵی لیژنه لهتهلارى پهرلهمان لهگهڵ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و كاروبارى ئابوورى و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازى كۆبووهوه.
کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بەتاووتوێکردنی ڕاپۆرتی دووەمی لیژنەی باڵای چاکسازی لەمووچەو خانهنشینى و دەڕماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان لهههرێمی كوردستان.
لەدەستپێکی كۆبوونهوهكهدا ئاوات شێخ جەناب وهزیرى دارایى و كاروبارى ئابووری کۆمەڵێ زانیاری و وردەکاریی پێشکەش بەئەندامانی لیژنە کرد سەبارەت بەڕاپۆرتی دووەمی لیژنەی چاکسازی و دواتر بابەتی کلێشەی بایۆمەتریی خستە گفتوگۆو بەئەندامانی ڕاگەیاند: "کلێشەی بایۆمەتری لەلایەن وەزارەتی دارایی نێردراوە بۆ وەزارەت و فەرمانگەکان بەمەبەستی دڵنیابوونەوە".
لەبەشێکی دیكهی کۆبوونەوەکەدا د.عەبدولحەکیم خەسرۆ سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازی درێژەی بابهتی راپۆرتی دووەمی چاکسازیداو تیشکی خستەسەر پرسی پێداچوونەوەی دەڕماڵەی فەرمانبەران.
دواتر لەلایەن سهرۆك و جێگرو ئەندامانی لیژنەكه کۆمەڵێ پرسیارو تێبینی سەبارەت بهڕاپۆرتی دووەمی چاکسازی ئاراستەی وەزیری دارایی و سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازی کرا.
بڕیاروایە لەڕۆژانی داھاتوودا کۆبوونەوەکانی لیژنەكه بەردەوام بن بۆ ئەم مەبەستە.