لیژنەی ڕاسپێردراوی تایبەتی پەرلەمان ڕاپۆرت له‌سه‌ر دۆخى ناوچه سنوورییه‌كانی پارێزگای دهۆك ئاماده ده‌كات
به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتی لیژنەی ڕاسپێردراوی تایبەتی پەرلەمان بۆ به‌دواداچوونى دۆخی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەپارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ سێشه‌ممه 2021/6/22، لیژنەکە کەنوێنه‌رى زۆربەی لیژنە پەیوەندیدارەکانى تێدایه وەک لیژنەكانی کاروباری پێشمەرگە، ناوخۆ‌و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان، کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر، کشتوکاڵ و ئاودێرى، كه‌نوێنەرایه‌تیی زۆربەی فراکسیۆنە جیاوازه‌کانی پەرلەمان ده‌كه‌ن، له‌هۆڵی په‌ناگیرى له‌ته‌لارى په‌رله‌مان کۆبووەوە.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌ستكرا به‌نوسینه‌وه‌ى ڕاپۆرت له‌سه‌ر ئه‌نجامى سه‌ردانه مه‌یدانییه‌كانی لیژنه‌كه بۆ ناوچه سنوورییه‌كانی پارێزگای دهۆك له‌هه‌ردوو قه‌زای زاخۆ‌و ئامێدى، لەڕاپۆرتەکه‌یاندا باس له‌هۆکارەکانی زیانلێکەوتنی ئەو ناوچانە ده‌كه‌ن و کۆمەڵێک ڕاسپاردەشیان ئامادەکردووه بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شەڕی پەکەکەو تورکیا‌و چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ ڕاگرتنی شەڕی نێوان هەردوولاو کۆتاییهێنان بەزیانگەیاندن بەگوندەکانی ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستانی عێراق.
به‌شێكی دیكه‌ی ڕاپۆرتەکە ته‌رخان ده‌كرێت بۆ خستنه‌ڕووی ئەو زیانە گیانی و مادی و مەعنەوی و ژینگەییانەیه كه‌به‌هۆى شه‌ڕه‌كه به‌ر ئه‌و ناوچانه كه‌وتوون.
هەروەها بەوردی باس لەلێکەوتەکانی شەڕی تورکیا‌و پەکەکە کراوە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، کەبووەتە هۆکاری شەهیدو برینداربوونی سەدان هاووڵاتی و پێشمەرگەو بێکاربوونی هەزاران هاووڵاتی و وێرانبوونی سەدان گوند‌و سووتانی دارستانەکان و لەناوچوونی مەڕو ماڵاتی دانیشتوانی ئەو گوندانه‌و تێکچوونی ژینگەی ئەو ناوچانە.
بریاره بەمزووانە ڕاپۆرته‌كه ئامادە بکرێت و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت.
شایه‌نی باسه ئەو لیژنەیە بەبڕیاری سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پێكهێنراوه‌و لەماوەکانی رابردوودا لەڕۆانی 8 و 9ى 2021/6، بەشێوەی مەیدانی سەردانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانى لەپارێزگای دهۆک له هەردوو قەزای زاخۆ‌و ئامێدی-کرد بۆ به‌دواداچوون بۆ دۆخی ئه‌و ناوچانه به‌هۆى شەڕی نێوان پەکەکەو تورکیا.