Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی پێشوازیى لەكۆمەڵەی قورئانخوێنانی كوردستان كرد

نیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 1-6-2021، لیژنەی ئەوقاف و كاروبارى ئاینی، به‌سه‌رپه‌رشتیی وەیسی سەعید وەیسی بڕیاردەری لیژنەو زاھیر محەمەد عه‌لی و ھێرش فه‌قێ حەسەن ئەندامانی لیژنەكه‌، لەھۆلی لیژنه‌ له‌ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیى لەسەرۆك و ئەندامانی دەستەی باڵای كۆمەڵەی قورئانخوێنانی كوردستان كرد.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا شاندەكە باسیان لەكارو چالاكییەكانیان كرد لەپێناو بایەخدان بەبەھرەی تاكی كورد لەبواری دەنگخۆش، تا لەم ڕێگه‌یەوە خزمەتی ئاینی ئیسلام و قورئانی پیرۆز بكەن، ھەروەك باسیان لەپابەندبوونی ئەندامانی كۆمەڵەكەیان كرد بەڕێكارو ڕێنماییەكانی خۆپارێزی لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا تا بەئەمڕۆ دەگات، ئینجا چەندین داواكاری و پێشنیازیان خستەڕوو سەبارەت بەچۆنیەتیی بەڕێوەچوونی بۆنە ئاینی و كۆمەڵایەتییەكان لەداھاتوودا.
لای خۆیانەوە بڕیاردەرو ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان رۆلِی كۆمەڵەكەیان بەرزنرخاند لەخزمەتكردنی قورئانی پیرۆزو بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە ئاینییەكان لەڕێگه‌ی دەنگ و سەداخۆشەكەیان كەكاریگەریی لەسەر ھەستی موسڵمانانی كوردستانی دروستكردووە، ھەروەك ستایشی ئەندامانیان كردن كەپابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەكان لەماوەی رابردوودا بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا، ھەروەھا پشتیوانیی خۆیان بۆ داواكاری و پێشنیازەكانیان ده‌ربڕی و بەڵێنیان پێدان كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌دواداچوون بكەن.