Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ده‌ستپاكی گفتوگۆ له‌سه‌ر ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی سەبارەت بەیاسای چاكسازی، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/6/8، لیژنه‌ی ده‌ستپاكی به‌سه‌رپه‌رشتیی شیرین ئه‌مین سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆكرا له‌سه‌ر ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی سەبارەت بەیاسای چاكسازی كه‌ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌كرابوو، ئه‌ندامان ڕاو سه‌رنجیان له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ڕاپۆرته‌كه‌ خسته‌ڕوو و بڕیاردرا له‌دانیشتنه‌كانی داهاتوو كاری زیاتری له‌سه‌ر بكرێت و بڕیاری پێویستیی له‌باره‌وه‌ بدرێت.
له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ د.سه‌باح زێبارى سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر ئاماده‌یبوو، لیژنه‌ پێشوازیی كرد له‌ د.باخان ئازاد پزیشك له‌به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی ته‌ندروستیی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌به‌گووته‌ی خۆی به‌هۆی ئاشكراكردنی گه‌نده‌ڵییه‌كانی ته‌ندروستیی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ئێستادا مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی دروستبووه‌و له‌هه‌ولێره‌و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌جێهێشتووه‌.
لای خۆیانه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ ڕایانگه‌یاند كه‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ن و لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی پێكده‌هێنن و له‌ڕاست و دروستیی كێشه‌كه‌ ده‌كۆڵنه‌وه‌و ڕیكاری په‌یڕه‌ویی له‌سه‌ر ده‌گرنه‌به‌ر.