Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری چه‌ند پرسێكی گرنگ تاووتوێ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی گرنگی په‌یوه‌ست به‌كارى لیژنه‌كه‌، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 2021/6/15، لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری، به‌سه‌رپه‌رشتیی عه‌بدولسه‌تار مه‌جید سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌پرسی كڕینه‌وه‌ى گه‌نمی جووتیاران له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی كڕینه‌وه‌ى گه‌نم كراو لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ر داواكاریى جووتیاران كه‌ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌یان كردبوو، داوا ده‌كات كه‌نرخی دیاریكراو زیاد بكرێت، چونكه‌ جووتیاران گه‌نمه‌كانیان له‌بازاڕ پاره‌ی زیاتر ده‌كات، هه‌روه‌ها داوایانكرد كه‌ له‌بازگه‌كانه‌وه‌ ڕێگه‌ به‌گواستنه‌وه‌ى گه‌نمه‌كانیان بده‌ن، چونكه‌ به‌هۆی ئه‌و قه‌ده‌غه‌كردنه‌وه‌ ڕێگه‌ی قاچاغ له‌زۆر شوێن دروستبووه‌.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌شایسته‌ داراییه‌كانی جووتیاران بۆ ساڵانی (2014، 2015، 2016)، بۆ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ماوه‌، لیژنه‌ پێشنیازىكرد سه‌ردانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌به‌غدا بكات تائه‌و به‌ڵێنه‌ی كه‌ به‌جووتیاران درابوو به‌دواداچوونی بۆ بكرێت.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لیژنه‌كه‌ ده‌ستخۆشیی له‌ حاجی سه‌فین ئاغا ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ كرد بۆ ئه‌و به‌دواداچوونه‌ی كه‌ بۆ سنووره‌ى پارێزگای دهۆك ئه‌نجامیدابوو سه‌باره‌ت به‌ له‌شكركێشیی توركیاو شه‌ڕی په‌كه‌كه‌و تێكدانی ڕه‌وشی ئه‌منیی خه‌ڵكی سنووره‌كه‌.