Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌كاری لیژنه‌كه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/6/22، لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی، به‌سه‌رپه‌رشتیی سوسن محه‌مه‌د میرخان سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌، كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و یاداشت و داواكاری و نوسراوانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆو خستنه‌ڕووی ڕاو سه‌رنجی ئه‌ندامان، كاری پێویستییان له‌سه‌ر كراو ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداركران به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن و كاری پێویست.
دواتر گفتوگۆكرا له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و یاساو ڕێنماییانەی وەزارەت كه‌وەزاره‌تی كاروباری شه‌هیدان دەریکردوون. بڕیاردرا له‌كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی لیژنه‌كه‌ كه‌موكوڕیی ئه‌و مادده‌و بڕگانه‌ی پێویستییان به‌گۆڕانكاری و هه‌موار هه‌یه‌ دیاریبكرێن بۆئه‌وه‌ی ڕێكاری په‌یڕه‌وییان له‌سه‌ر بگیرێته‌به‌ر بۆ ئه‌نجامدانی كاری پێویست، كه‌ئه‌وه‌ش له‌پێناو خزمه‌تكردنی زیاتری كه‌سوکاری شه‌هیدان و جینۆسایدو كه‌سوکاری ئه‌نفالكراوه‌كان و زیندانییانی سیاسییە.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا گفتوگۆ له‌سه‌ر بابه‌تی داخستنی به‌شێك له‌بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان كرا كه‌پێشتر خزمه‌تگوزاریی پزیشكیی پێشكه‌ش به‌كه‌سوكاری شه‌هیدان و جینۆسایدو كه‌سوكاری ئه‌نفال ده‌كرد، بڕیاردرا به‌دواداچوون بكرێت بۆ ئه‌م بابه‌ته‌و زانیاریی ته‌واو كۆبكرێته‌وه‌و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان بدرێت.