Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردنی چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌كاروباری لیژنه‌كه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/6/30، لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌رپه‌رشتیی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ داوای له‌ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ كرد سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای گه‌شتوگوزار له‌هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی دوای ئه‌نجامدانی وۆرکشۆپ و وه‌رگرتنی ڕاو سه‌رنجی شاره‌زایان و مامۆستایانی زانكۆو لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، ڕاپۆرتی كۆتایی له‌سه‌ر ئاماده‌ بكرێت و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی بكرێت بۆئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ بكرێت.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كانی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك و كۆمپانیای جێبه‌جێكارو گرێبه‌سته‌كانیان له‌پارێزگای هه‌ولێر، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بڕیاردرا هه‌فته‌ی داهاتوو میوانداریى لیژنه‌ی دارایی و ئابووری له‌ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر بكرێت و بڕیاری پێویست له‌باره‌ی كێشه‌كان بدرێت.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا سه‌رجه‌م ئه‌و یاداشت و نوسراو و داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای وه‌رگرتنی ڕاو سه‌رنجی ئه‌ندامان كاری پێویستییان له‌سه‌ر كراو ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداركران به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان.