Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ته‌ندروستی به‌دواداچوون بۆ كێشه‌و گرفته‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستیی پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ ڕه‌وشی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌پارێزگاكه‌، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 2021/6/20، لیژنه‌یه‌كى لاوه‌كیى سه‌ر به‌لیژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه‌و مافى به‌كاربه‌ر، كه‌پێكهاتبوو له‌ د.شایان عه‌سكه‌رى جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ڕۆژان ئیبراهیم سلیڤانه‌یی بڕیارده‌رى لیژنه‌و موسلیم عه‌بدوڵاو شنۆ ئه‌شقى، ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌، سه‌ردانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ى كرد.
به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و یاداشت و به‌ڵگانه‌ی سه‌باره‌ت به‌هه‌ندێ كێشه‌و گیروگرفتى كه‌رتی ته‌ندروستیی پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون، لیژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستی له‌كۆبوونه‌یه‌كی پێشووتریدا لیژنه‌یه‌كى لاوه‌كیى بۆ به‌دواداچوون و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ڕاستى و دروستیى بابه‌ته‌كه‌ پێكهێنا، ڕۆژى 2021/6/20، لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كه‌ سه‌ردانى به‌رێوه‌به‌رایه‌تیى ته‌ندروستیى گشتیى هه‌ڵه‌بجه‌ى كردو له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و ستافه‌كه‌ى كۆبووه‌وه‌و گفتوگۆى چڕ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و یاداشتانه‌ كراو له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رو ستافى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌وه‌، ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ به‌ لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان دراو بڕیاره‌ دواى گفتوگۆكردنى وه‌ڵامه‌كان له‌كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌دا، به‌ڕاپۆرت ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى بۆ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار به‌مه‌به‌ستی كاركردن له‌سه‌رى.
هه‌ر هه‌مان ڕۆژ لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كه‌، سه‌ردانى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ى كردو چاوى به‌ژماره‌یه‌ك له‌به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیاوی كه‌وت و له‌نزیكه‌وه‌ گوێی له‌كێشه‌و داواكارییه‌كانیان گرت، ئه‌وانیش یاداشتێكیان به‌كێشه‌و داواكارییه‌كانیان ئاراسته‌ى لیژنه‌كه‌ كردو لیژنه‌ش به‌ڵێنیان پێدان كه‌ داواكارییه‌كانیان بگه‌یننه‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان.