Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی یاسایى ڕاپۆرتی له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بەرکارکردنى یاسای ڕه‌سمی پوولی عێراق ئاماده‌كردو پێشنیازه‌یاسای هه‌موارى یاسای ژماره‌ (3)ى ساڵی 1993-ێش تاووتوێ ده‌كات

سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/6/22، لیژنه‌ی كاروبارى یاسایى، به‌سه‌رپه‌رشتیی د.بژار كۆچه‌ر سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
مه‌به‌ست له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت بوو له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بەرکارکردنى یاسای ڕه‌سمی پوولی عێراق، ژماره‌ 71ى ساڵی 2012 لەھەرێمی کوردستان، دوای گه‌یشتنی ڕاپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند له‌باره‌یه‌وه‌ بۆ لیژنه‌ى یاسایی.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماده‌كراو ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرا بۆ گرتنه‌به‌رى ڕێكاره‌ یاساییه‌كانی بۆئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ بكرێت.
سه‌عات 2ى پاشنیوه‌ڕۆی هه‌مان ڕۆژ لیژنه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی پێشنیازه‌یاسای هه‌موارى یاسای ژماره‌ (3)ى ساڵی 1993، یاسای بزربووه‌كان له‌هه‌ڵمه‌تی له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵی گه‌لى كوردستان-عێراق به‌پێی پێوه‌ره‌كانى ماده‌ (79)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ندێ له‌ ماده‌و بڕگه‌كانی پێشنیازه‌یاساكه‌ به‌وردى تاووتوێكراو بڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌كانی لیژنه‌كه‌ بۆ تاووتوێكردنی ماده‌و بڕگه‌كانی تری پێشنیازه‌یاساكه‌ به‌رده‌وامبن.