لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی پرسی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوهى وڵات تاووتوێ دەکات
بەمەبهستی تاووتوێکردنی پرسی كۆچی گهنجان بۆ دهرهوهی وڵات، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/6/30، لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د.ڕێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی ژمارهیهك لهئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه کۆبووەوە.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونهوهكه گفتوگۆکردن بوو لهسهر پرسی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات کە لەئێستادا ژمارهیان ڕووى لەزیادبووندایه، دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوە لەسەر ئەو پرسە، لیژنە بڕیاریدا یاداشتێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆئەوەی بەزووترین کات کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەپرسی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات، بەئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار رێکبخرێت، بۆئەوەى ھەرچی زووە ئەو پرسە چارەسەر بکرێت، چونکە ئەو کۆچە بەلێشاوەی گەنجان بۆ ئێستاو ئایندەی وڵاتەکەمان بەزەروزیان دەشکێتهوه.