Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌ره‌وه‌رده‌و خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ وه‌زیری خوێندنی باڵاو ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌ت كۆده‌بێته‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و پێدانی به‌رچاووڕوونی له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌كاروباری وه‌زاره‌ته‌كه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/6/23، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێدنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌سه‌رپه‌رشتیی عبدالسلام دۆڵه‌مه‌ڕی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌، پێشوازیی كرد له‌د.ئارام محه‌مه‌د وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌ته‌كه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌هۆڵی په‌ناگیرى له‌ته‌لارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆكی لیژنه‌ دوای به‌خێرهێنانى وه‌زیرو شاندی یاوه‌رى، مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕوو، دواتر ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ چه‌ندین پرسیارو سه‌رنجیان له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆو په‌یمانگه‌كان و گرفتی مامۆستایانی وانه‌بێژو فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رۆكی زانكۆكان و پلانی وه‌رزی تازه‌ی خوێندن و مه‌ترسییه‌كانی كۆڕۆِناو ده‌رماڵه‌ی قوتابیان و چه‌ند پرسێكى تریان ئاراسته‌ی وه‌زیرو ستافی وه‌زاره‌ت كرد.
دواتر له‌لایه‌ن د.ئارام محه‌مه‌د وه‌زیری خوێندنی باڵاو ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌ته‌كه‌وه‌ وه‌ڵامی سه‌رجه‌م پرسیاره‌كان درایه‌وه‌و ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستییان خسته‌ به‌رده‌ستی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ر بابه‌تی سێ یه‌كه‌مه‌كان و مامۆستایانی وانه‌بێژو فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست و ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد کە لەسەر داوای لیژنەی پەروەردە نوسراویان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە، سه‌باره‌ت به‌گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رۆكی زانكۆ حكومییه‌كان، وه‌زیرى خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: "له‌یٔاینده‌یه‌كی نزیكدا به‌شێك له‌و سه‌رۆك زانكۆیانه‌ی كه‌ماوه‌ی یاسایی خۆیان ته‌واو كردووه‌ ده‌گۆڕدرێن"، سه‌باره‌ت به‌ده‌رماڵه‌ی مانگانه‌ی قوتابیانیش گووتی: "داوامان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پاره‌ی پێویستی له‌به‌رده‌ست نییه‌ له‌ئێستادا".
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ ئه‌وجۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ پێویسته‌ زیاتر بكرێن و هه‌ماهه‌نگی و كاری پێكه‌وه‌یی زیاتر گرنگیی پێبدرێت .
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌گۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن خرایه‌ڕوو.