Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له‌سه‌ر پرسی سێ یە‌كه‌مه‌كان و مامۆستایانی وانه‌بێژو فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كۆده‌بێته‌وه‌

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/6/14، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌سه‌رپه‌رشتیی عبدالسلام دۆڵه‌مه‌ڕی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا .
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كێشه‌ی دانه‌مه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆو په‌یمانگه‌كان و كێشه‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژو فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست گفتوگۆیان له‌سه‌ركرا، سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه‌ئه‌و سێ چینه‌ مافی خۆیانه‌ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ بڕیاریدا بانگهێشتی وه‌زیری دارایی و وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌ی زانستی و وه‌زیری په‌ره‌وه‌رده‌ بكرێت بۆ لیژنه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی پێدانی زانیاری و ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌وباره‌یه‌وه‌.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێشوازی له‌قوتابی بروسك سامی جه‌لال و ستافی به‌ڕێوه‌بردنی قوتابخانه‌كه‌ی كرا، به‌مه‌به‌ستی به‌خشینی خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی لیژنه‌كه‌ له‌پای به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌لایه‌ن ئه‌و قوتابییه‌وه‌ له‌پێشبڕكێی ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، كه‌تابلۆیه‌كی ده‌ستیی دروست كردووه‌ كه‌ئاماژه‌یه‌ بۆ خۆپارێزی له‌ڤایرۆسی كۆڕۆنا.
سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ ده‌ستخۆشییان له‌قوتابییه‌كه‌و ستافی قوتابخانه‌كه‌ كردو هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتریان بۆ قوتابی ناوبراو خواست.