Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر ڕه‌وشی ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی واژۆكردن و ئاراسته‌ی كردنی ڕاپۆرتی كۆتایی لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وشی ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/6/8، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان، به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بونی بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕاپۆرتی كۆتای لیژنه‌ی ڕۆشنبیری له‌سه‌ر ڕه‌وشی ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان خوێندرایه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌ندامان ڕاو سه‌رنجی كۆتایی خۆیان له‌سه‌ری بخه‌نه‌ڕوو، دواتر ئه‌ندامان واژۆیان له‌سه‌ر ڕاپۆرته‌كه‌ كردو بڕیاردرا ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی له‌دانیشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كارو بخوێنرێته‌وه‌.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌شنووسه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كراوه‌ به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی كۆمسیۆنی فیلمسازی له‌هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ندامان سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان له‌سه‌ر ڕه‌شنووسه‌كه‌ خسته‌ڕوو و بڕیاردرا ئه‌م پێشنیازه‌ ئاراسته‌ی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان بكرێت بۆئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت و كاری له‌سه‌ر بكرێت.