لیژنه‌ی وزەو سامانەسروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی چه‌ند پرسێكی گرنگی تاووتوێ كرد
به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی گرنگی په‌یوه‌ست به‌كارى لیژنه‌كه، ئەمڕۆ سێشەممه 2021/6/15، لیژنەی وزەو سامانەسروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی، بەسەرپەرشتیی عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی لیژنەو ئاماده‌بوونی جێگری سەرۆكى لیژنەو بڕیاردەرو ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانى لیژنەكه، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ له‌سه‌ر گرانیی نرخی به‌نزین و كوالیتیی به‌نزین و گازوایل کراو لیژنه بڕیاریدا نووسراوێك ئاراسته‌ی وەزارەتی سامانەسروشتییەکان بكات بۆ بانگهێشتكردنی وه‌زیرى سامانه‌سروشتییه‌كان بۆ لیژنه‌كه به‌مه‌به‌ستی پێدانی ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌و گفتوگۆكردن له‌سه‌رى و چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌گرانیی نرخی کارەبا لەسەر پڕۆژەکانی پیشەسازی كرا‌و ئامادەبووان چەندین سەرنج و تێبینی و بیروڕایان له‌وباره‌یه‌وه ئالوگۆڕکرد.
لەبەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا باس لەو کێشانە کرا کەخاوەن کارگەکان بەنوسراوێك ئاراستەی لیژنەكه‌یان کردبوو بەمەبەستی به‌دواداچوون و دۆزینەوی ڕێگه‌چارەیه‌ك بۆیان.
کێشەی ھاوردەکردنی کاڵاو زۆریی ڕۆتین له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه، یەکێکی تر بوو لەو پرسانەی كه له تەوەری کۆبوونەوەكه‌ی ئەمڕۆی لیژنەكه‌دا گفتوگۆى له‌باره‌وه كرا.