Skip to the content
Menu

په‌یامی لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر له‌ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا

لە ٥ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك جیهان بەگشتی و ژینگەدۆستان بەتایبەتی یادی بۆنەی ڕِۆژی جیهانیی ژینگە (EDW) بەرز ڕادەگرن، لە پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008، یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لەهەرێمی کوردستان دەرچووێنراوە، لەپێناو ژینگەیەکی پاک و تەندروست و سەقامگیر، هەروەها بۆ بنەماکانی پاراستنی ژینگەو هەبوونی پلانی گەشەپێدانی ئابووری و مرۆیی و کۆمەڵایەتی، بەشێوەیەک مافی نەوەکانی ئێستاو داهاتوو لەبەرچاو بگیرێت، هەروەها لەپێناو بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی.
ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ هۆشیاریی زیاتر لەبواری ژینگەو دروستكردنی بایەخپێدانێكی جیهانی بەژینگەو پێكهێنەرەكان، هەروەها ئاماژەیەكە بۆ كۆمەڵگه‌ بەئاڕاستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە.
بەداخەوە ئێمە لەبەردەم مەترسیی لەنێوچوونی فرەچەشنیی ژینگەیی و تێکچوونی کەشوهەواو زیادبوونی پیسبوونی ژینگەداین.
بڕینەوەی دارەکان، سووتانی دارستانەکان و بەبیابانبوون، بەشێکی سەرەکیی تێکچوونی ژینگەن، ماوەیەکی درێژە مرۆڤایەتی دەستی بەبڕینەوەی دارستانەکان کردووە، ڕووبارو زەریاکانی پیسکردووەو گیاو ڕووەکەکانی پشتگوێخستووە.
خەریکە سیستەمی ژینگەیی هەرێمی کوردستان لەنێو دەبردرێت، بۆێە کەوتووینەتە مەترسیی بێبەشبوون لەخۆراک و ئاوو ئەو سەرچاوانەی کەبۆ مانەوەمان پێویستن.
لەڕۆژی جیهانیی ژینگەدا، پێویستە لەبیری ئەوەدابین بۆدەستكەوتنی ئاوی خاوێنی خواردنەوەو بوونی سیستەمێكی گونجاو بۆ ئاوەڕۆكان و بوونی میكانیزمێكی بێ زیان بۆ ڕزگاربوون لەپاشماوەو پاشەڕۆكان و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی و دووبارە داڕشتنەوەی دیزاینی شارەكان بەئاڕاستەی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و پاراستنی سەوزایی.
بۆیە وەک لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر ڕایدەگەیەنین کەڕِۆژی ژینگه‌ی جیهانی ده‌رفه‌تێكە بۆ پاراستنی ژینگه‌و به‌ڕە‌وا به‌كارهێنانی سامانه‌ سروشتییه‌كان و ڕێگه‌گرتن له‌پیسبوونی كه‌ش و هه‌واو پلاندانان بۆ دواڕۆژ.
لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر
له‌ په‌رله‌مانى كوردستان
5ى حوزه‌یرانی 2021