Skip to the content
Menu

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان و فه‌رمانگه‌ی شیاندنی ئافره‌تانی عێراق كۆبووه‌وه‌

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/6/30، د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، له‌هۆڵی پرۆتۆكۆل له‌ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ د.خانزاد ئه‌حمه‌د ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجوومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و د.یوسڕا كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی شیاندنی ئافره‌تانی عێراق له‌ئه‌میندارێتیی گشتیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و شاندێكی یاوه‌ریان كۆبوونه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌نجه‌ ئیبراهیم دزه‌یی سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت له‌په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ ئاماده‌یبوون، سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی ڕۆڵ و پێگه‌ی ژنانی له‌هه‌رێمی كوردستان كردو به‌وردی دۆخی ژنانی كوردستان و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌میانى خسته‌ڕوو، دواتر باسی ڕۆڵی ئه‌رێنیی ڕێكخراوه‌كانی ژنان و ئافره‌تانی كوردستانی كردو كاریگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ئه‌وانی به‌رزنرخاندو تیشكی خسته‌سه‌ر مێژووی دوورودرێژی خه‌باتی مه‌ده‌نی و كاری ڕێكخراوه‌یی ژنان و ئافره‌تانی كوردستان، له‌ڕێگه‌ی تێكه‌ڵبوونیان به‌خه‌باتی سیاسی له‌قۆناغه‌ جیاوه‌زه‌كاندا.
هه‌روه‌ها به‌گرنگییه‌وه‌ باسى هه‌مواری جێبه‌جێكردنی یاسای باری كه‌سی و یاسای سزادانی عێراقیی ئه‌وكات و ئاڵنگارییه‌كان و بایه‌خی كۆتای ژنان و ئافره‌تانی كرد له‌هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و هیوای خواست كه‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون و تواناكانی ژنان بگاته‌ ئاستێك كه‌به‌بێ كۆتاو له‌سه‌ر بنه‌مای شاره‌زایی و پسپۆڕیی خۆیان ژنان جێپه‌نجه‌ی خۆیان دیاری بكه‌ن، له‌نێو كایه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رجه‌م بواره‌كانی دیكه‌دا، هه‌روه‌ها به‌گرنگییه‌وه‌ باسی هه‌بوونی یاسایه‌كی تایبه‌تی كرد بۆ ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان له‌پێناو به‌یاساكردنی ده‌زگاكه‌یان.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ دیدو تێڕوانینی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ربڕی له‌باره‌ی دۆزی ڕه‌وای ژنان و ئافره‌تانی كوردستان، مێژووی پڕشنگداری به‌شداریكردنی ئافره‌تانی كوردستانی له‌نێو بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا به‌رزنرخاند، هه‌روه‌ها باسی ئابووریی سه‌ربه‌خۆو ڕۆڵی له‌به‌دیهێنانی به‌خته‌وه‌ریی خێزانی و كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی كردو ژنانی كوردستانی وه‌ك به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌جووڵانه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازیی دونیا وه‌سفكردو هیوای خواست كه‌ژنان هه‌میشه‌ له‌پێشه‌نگدابن بۆ به‌دیهێنانی خواسته‌كانیان و به‌شداریی كارایان هه‌بێت له‌پرۆسه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا.