شاندێكی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی سەردانی كونسوڵخانەی ھوڵەندا لەهه‌رێم ده‌كات
بەمەبەستی پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و تاووتوێکردنی چەند پرسێک، نیوەڕۆ ئەمڕۆ دووشەممە 2021/6/21، شاندێكی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرۆكایه‌تیی د.ڕێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەو ئه‌ندامیه‌تیی کاروان گەزنەیی جێگری سەرۆکى لیژنەو ژیان تاھیرو چیا حەمید ئەندامانی لیژنەكه، له‌شارى هه‌ولێر سەردانی كونسوڵخانەی ھوڵەندا-ى لەهه‌رێمی كوردستان کرد.
لەدیدارێکدا سه‌ره‌تا سەرۆکی لیژنه مه‌به‌ستی سەردانه‌كه‌ی ڕوونكرده‌وه كه بۆ دەربڕینی پاڵپشتیی لیژنەکەیه بۆ كونسوڵخانەکەو گەیاندنی سوپاس و پێزانینی لیژنەكه‌یه بۆ ئەو کار‌و چالاکییانەی کە وڵاتی هۆڵه‌ندا لەهەرێمی کوردستان ئه‌نجامی ده‌دات، بەتایبەتی لەبواری کشتوکاڵ و مەشق و ڕاهێناپێكردن بەهێزەکانی پێشمەرگەو شەڕی دژی داعش.
سەرۆکی لیژنە ئاماژەشی بەوەدا که‌گرنگە له‌ئێستادا جگە لەبوونی پەیوەندیی فەرمیی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی هۆڵەندا، پەیوەندیی پەرلەمانى كوردستان و هۆڵه‌ندا-ش لەڕیی لیژنەکەیانەوە بەهاوکاریی كونسوڵخانەى هۆڵه‌ندا دروست ببێت، هه‌روه‌ها پەیوەندیی نێوان لیژنەى پەیوەندییەکان و هەمان لیژنەش لەپەرلەمانی هۆڵەندا، یاخود دروستکردنی گرووپی هەڤاڵبەندیی نێوانیان و سەردانیکردنی پەرلەمانی هۆڵەندا بێتە کایەوە.
دواتر كونسوڵی ھوڵەندا خۆشحاڵیی خۆى به‌و سەردانەى شاندی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان ده‌ربڕی و بەڵێنی ئەوەشى بەشاندی لیژنه‌كه‌دا کەبەردەوام دەبن له‌هه‌موو جۆره ھاوکاری و ھەماھەنگییەک لەگەڵ پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا.