Skip to the content
Menu

سكرتێری په‌رله‌مان پێشوازیى له‌كونسوڵی گشتیی كۆمارى یۆنان له‌هه‌رێمی كوردستان كرد
منى نبى: "لەژێر سایەی حکومەتی هەرێم پێكهاته‌كان توانیویانە بەبەشێکی زۆر لەمافەکانیان بگەن"

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2021/6/10، منی نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی لەستاڤڕۆس كیریمیس كونسوڵی گشتیی كۆمارى یۆنان له‌هه‌رێمی كوردستان کرد.
لەدیدارێکدا تیشک خرایەسەر ڕەوش و مافی پێکهاتەکان له‌هەرێمی کوردستان و لەوبارەیەوە سکرتێری پەرلەمان پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وش و مافى پێکهاتەکان له‌هەرێمی کوردستان، به‌تایبه‌ت پێكهاته‌ی توركمان خستەڕوو و ڕایگه‌یاند: "لەژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێكهاته‌كان توانیویانە بەبەشێکی زۆر لەمافەکانیان بگەن، لەڕووی سیاسیشەوە پێگەو قوڕسایی بەرچاویان هەیە لەپەرلەمان و سەرجەم دامەزراوەکانی ترى هەرێمی کوردستاندا"، سەبارەت بەپێکهاتەی تورکمان-یش، سكرتێرى په‌رله‌مان ئەوەی خستەڕوو کە لەو خولەی پەرلەمان لەدەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەشدارن و لەنێو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمیشدا پۆستی وەزارەتی پێکهاتەکانیان بەرکەوتووە.
هه‌ر له‌دیدارەکەدا منی نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمان، باسی ئه‌و پێكهاتانه‌ی كرد كه‌ له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌شدارن و ڕۆڵی ئافره‌تانیشی له‌به‌شداریكردن له‌كایه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم به‌رزنرخاند.
هه‌روه‌ك دوا پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئێستاى هه‌رێمی كوردستان و عێراقی خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر بودجه‌ی 2021ى عێراق كردو تیشكی خسته‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و جه‌ختی له‌یه‌كڕیزی و ته‌بایى نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم كرده‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی یۆنان، سكرتێری په‌رله‌مان جه‌ختى له‌سه‌ر به‌هێزبوونی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌و هیوای خواست به‌ڕێزیان وه‌ك كونسوڵی نوێی وڵاته‌كه‌ی له‌هه‌رێم، رۆڵی خۆی بگێڕێت له‌و بواره‌داو هانی بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌رانى وڵاته‌كه‌شی بدات بۆ ئه‌نجامدانی كارى بازرگانی و وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمی كوردستاندا.
سكرتێری په‌رله‌مان باسی له‌و هه‌وڵ و هه‌نگاوانه‌ش كرد كه‌ئێستا له‌ئارادان بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوورو جه‌ختی له‌پێویستیی بوونی ده‌ستوورێكی گه‌لپه‌سه‌ند كرده‌وه‌ كه‌ڕه‌نگدانه‌وه‌ى واقیعی هه‌رێمی كوردستان بێت.
لای خۆیه‌وه‌ كونسوڵی گشتیی كۆمارى یۆنان، خۆشحاڵیى خۆی به‌سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌و بوونی ئافره‌ت له‌دوو پۆستی باڵای په‌رله‌مان وه‌ك سه‌رۆك و سكرتێری په‌رله‌مان ده‌ربڕی و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یۆنان و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌و ئاماده‌یى خۆشى نیشاندا بۆ به‌گه‌ڕخستنی هه‌وڵه‌كانی بۆ پته‌وكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌.